ئەمەریكا پێشەنگە.. بەهێزترین كەشتیگەلە سەربازییەكانی جیهان

لە میدیاکانەوە

15/12/2019‌ 1050 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كەشتیگەلی دەریایی سەربازیی بەچەكێكی كاریگەر هەژمار دەكرێت ئەگەر بێت و هەر وڵاتێك خاوەنی بێت ئەوە توانایەكی گەورە بەهێزە سەربازییەكەی دەبەخشێت .

بەگوێرەی گۆڤاری " ناشیۆناڵ ئینترێست "، لەجیهاندا پێنج وڵات خاوەنی بەهێزترین كەشتیگەلی سەربازین، كە ئەوانیش ئەمەریكا و چین و روسیا و بەریتانیا و یابانن .

ریزبەندی بەهێزترین كەشتیگەلە سەربازییەكان بەگوێرەی گۆڤارە ئەمەریكییەكە بەمجۆرەیە : 

ئەمەریكا
ئەمەریكا بەهێزترین كەشتیگەلی جەنگی هەیە لەجیهاندا، بەجۆرێك كەشتیگەلەكە لە ٢٨٨ پارچەی دەریایی پێكهاتووە لەوانە ١٠ كەشتی فرۆكەهەڵگر و ٢٢ كۆرڤێت و ٦٢ كەشتی هێرشبەر و ١٧ فرقاتە و ٧٢ ژێردەریایی .

راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە كەشتی و پارچە دەریاییەكانی تری سوپای ئەمەریكا لە زەریای هێمن و زەریای ئەتڵەسی و زەریای هیندی و دەریای ناوەراست و كەنداوی فارسی جێگیرن، هەروەك هێزەكە لە ١٠٩ هەزار سەرباز پێكهاتووە.

چین 
لەگەڵ هەڵكشانی گەشەی ئابووری چین كەشتیگەلی جەنگی چینیش بەرەوپێشچوونێكی گەورەی بەخۆوە بینیوە، كە لەئێستادا لە كەشتییەكی فرۆكەهەڵگر و ٣ كەشتی دابەزاندنی جەنگی و ٢٥ كەشتی هێرشبەر و ٤٢ فرقاتە و ٨ ژێردەریایی، كە بە وزەی ناوەكی كار دەكەن ، لەگەڵ ٥٢ ژێردەریایی، كە بە وزەی كارەبا كار دەكەن .

روسیا
روسیا خۆی بەهێزێكی دەریایی گەورە هەژمار ناكات، بەڵام خاوەنی كەشتیگەلێكی جەنگی گەورەیە، كە لە ٧٩ پارچەی دەریایی گەورە پێكهاتووە لەوانە كەشتییەكی فرۆكەهەڵگرو ٥ كۆرڤێت و ١٣ كەشتی هێرشبەر و ٥٢ ژێردەریایی .

لەئێستادا روسیا كار لەسەر پێشخستنی كەشتیگەلە جەنگییەكەی‌و پڕچەككردنی بەچەكی ورد و كاریگەر دەكات .

بەریتانیا 
هاوشان لەگەڵ كەمكردنەوەی سەرجەم بەشەكانی هێزە چەكدارەكانی بەریتانیا كەشتیگەلی جەنگی بەریتانیاش رووی لە بچووكبوونەوە كردووە، بەجۆرێك ئێستا لە ٤ كەشتی دابەزاندنی سەربازی و ١٩ فرقاتە و كەشتی هێرشبەر و ٧ ژێردەریایی، كە بە وزەی ناوەكی كار دەكات، لەگەڵ ٤ ژێردەریایی كە بەمووشەكی بالیستی پڕچەككراون .

ژاپۆن 
لەریزبەندی پێنج كەشتیگەلییە جەنگییە بەهێزەكەی جیهان كەشتیگەلی ژاپۆن لەڕیزی دواوەدایە، كە لە ١١٤ پارچەی دەریایی پێكهاتووە لەناویاندا  ٤٦ كەشتی هێرشبەر و ١٦ ژێردەریایی .

وەرگێڕان : ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی