توركیا بەهەنگاوێكی سەربازی وڵاتانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست بێزار دەكات

جیهان

15/12/2019‌ 973 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجوومەنی وەزیرانی كۆماری قوبرسی توركی فرۆكەخانەیەكی دوورگەكەی تەرخانكردووە بۆ فرۆكە بێفرۆكەوانەكانی توركیا، كە هاوڕێیەتی ئەو كەشتیانەی توركیا دەكەن كاری گەڕان و پشكنینی نەوت و گاز لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست دەكەن، ئەو هەنگاوەش ئەگەری هەیە گرژییەكانی توركیا لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست و یەكێتی ئەوروپا زیاتر بكات .

ئاژانسی رۆیتەرز لە ئاژانسی "دەمیر ئۆران"ەوە گواستوویەتییەوە، كە لە ١٦ی دیسەمبەرەوە فرۆكە بێفرۆكەوانە توركییەكان لە فرۆكەخانەی جچیكالییەوە هەڵدەفڕن، كە دەكەوێتە بەشە توركییەكەی قوبرس .

قوبرس، كە ئەندامی یەكێتی ئەوروپایە، لەساڵی١٩٧٤ وە بەهۆی داگیركردنی بەشێكی دوورگەكە لەلایەن توركیاوە دابەش بووە، بەشێوەیەك بەشە توركییەكەی قوبرس تەنیا لەلایەن توركیاوە دانی پێدانراوە .

لەسەرەتای ئەمساڵەوە توركیا دەستی كردووە بە پرۆسەی گەران‌و پشكنینی نەوت و گاز لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست بۆ ئەوەش دوو كەشتی هەڵكۆڵین‌و كەشتییەكی دەرهێنانی رەوانەی ناوچەكە كردووە، كە لەلایەن فرۆكەی بێفرۆكەوانەوە چاودێری و دەپارێزرێن .

یەكێتی ئەوروپا ئەو هەنگاوەی توركیا بەناڕەوا دەزانێت و هەڕەشەی ئەوەی كرد ئەگەر بێت و پاشەكشە نەكات ئەوە سزای بەسەردا دەسەپێنێت .

لەو بارەوە دەسەڵاتی ئەنقەرە رایگەیاندووە، ئەو ناوچانەی ئەوان كاری گەڕان و پشكنینی نەوتی لێدەكەن ناوچەی ئابووری بەشە توركییەكەی قوبروسە و مافی ئەوەیان هەیە  ئەو هەنگاوە بنێن .

هەروەها ئاژانسی دەمیر ئۆران لەسەر زاری ئەرسین تەتارەوە گواستوویەتییەوە، كە رایگەیاندووە، پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەكانی قوبرسی توركی یەكەمین كاری لەپێشینەیانە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی