هەوڵێكی تری نێچیرڤان بارزانی بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی كوردستانی لەبەغدا

کوردستان

16/12/2019‌ 1420 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن مامەند
لەماوەی مانگێكدا بۆجاری سێیەم سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆدەبێتەوە.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لەسەرۆكایەتی هەرێم بەشارپرێسی راگەیاند، ئەمڕۆ دوو شەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بەئامادەبوونی هەردوو جێگرەكەی لەگەڵ  سەرۆك و سكرتێری حیزبە كوردستانییەكان كۆدەبێتەوە.

سەرچاوەكە راشیگەیاند، ئامانج لەكۆبوونەوەكە دروستكردنی كۆدەنگیەكی نیشتمانییە، بۆ ئەو ئەگەرو پێشهاتەكانی، كە لەعێراق روو دەدەن، لەگەڵ هەوڵێك بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی كوردستانی لەپەرلەمانی عێراق.

هەروەها سەرچاوەكە لەبارەی رووداوەكانی عێراق رایگەیاند، كورد چیتر نایەوێت تەمشاكەربێت، بەڵكو دەیەوێت رۆڵی هەبێت لەعێراقی داهاتوو، لەدانانی سەرۆم وەزیرانی داهاتووش.

لەماوەی یەك مانگدا ئەمە سێیەمین كۆبوونەوەیە، كە سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەكان ئەنجامی دەدات‌و لەدوو كۆبوونەوەی رابردوو سەرۆكایەتییەكە هەوڵیداوە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی لەناو فراكسیۆنە كوردییەكان لەبەغدا.