ئەمریكا كوشتنی قاسم سلێمانی لەكوشتنی بن لادن و ئەبوبەكر بەغدادی بە گرنگتر دەزانێت

لە میدیاکانەوە

04/01/2020‌ 885 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئامادەكردن: لوقمان غەفوور
جەنەرالی خانەنشین دیڤید پترایۆس بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریكی و سەركردەی پێشووی هێزەكانی ئەمریكا لەئەفغانستان و عێراق ئەزموونێكی بەردەوامی هەیە لەگەڵ قاسم سلێمانی بەرپرسی سوپای قودس–ی پاسداران و لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ گۆڤاری فۆرن پۆلیسی، كە رۆژنامەنووسی بەتوانای ئەمریكی خاتوو لارا سێلێگمان لەگەڵی ئەنجامداوە.

ئەو دەڵێت: "دوای چەند مانگێك بێدەنگی ئەمریكا لەسەر هێرشە بەردەوامەكانی تاران هەر لەخستنەخوارەوەی فرۆكە بێفرۆكەوانە ئەمركییەكە لە گەرووی هورمز و هێرشی وێرانكەری سەرخانی ئابووری نەوتی عەرەبستانی سعودییە، كوشتنی سلێمانی ناردنی پەیامێكی ئاشكرایە بۆ ئێران، كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەوە زیاتر رێگە نادات بەئیستیفزازە بەردەوامەكانی ئێران.

هەروەها پێیوایە زیادەرۆیی تێدا نییە، كە كوشتنی قاسم سلێمانی لە كوشتنی ئوسامە بن لادن سەرۆكی رێكخراوی ئەلقاعدەو ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی داعش گرنگترە، چونكە سلێمانی ئەندازیار و سەركردەیەكی چوستوچالاك بوو بۆ سەرخستنی هەوڵی ئێران لە پێناو كۆنترۆڵكردنی ناوچەكە لەژێر هیلالی شیعیدا، كە لە ئێرانەوە درێژدەبێتەوە بەناو سوریادا بۆ باكوری لوبنان، ھەروەھا بەرپرسە لە چەندین كاری تەقینەوە كە تێیدا زیاتر لە 600 سەربازی ئەمریكی كوژراون.

باسی لەوەشكرد، كە كوشتنەكەی دەرخەری ئەوەیە ئەمریكا بەهەر رێگەیەك بێت ئیتر بوار نادات بە بەردەوامبوونی توندوتیژی و بۆردومانكردنی هێزەكانی و دەستدرێژیكردنە سەری، وتیشی: "زۆربەی خەڵك پرسیاری ئەوە دەكەن، كە پەرچەكرداری ئەمریكا گرنگ نییە بۆ كارە خراپەكانی پێشووی سلێمانی، بەڵام بەراستی گرنگییەكی گەورەی هەیە".

دیڤید پترایۆس هاوڕایە لەگەڵ بەیاننامەكەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، كە كارێكی بەرگری لەخۆكردنە، وێرای ئەوەی هیچ كارێك بەبێ سلێمانی لە عێراق تێپەڕی نەدەكرد، كوشتنەكەی پەرچەكردارێكی بەجێ بوو بەرانبەر كوشتنی ئەو بەڵێندەرە ئەمریكییەی، كە لە كەی وەن لە كەركوك كوژرا لە 28 دیسێمبەر و بە ئێرانیش وترا ئیتر لێرەدا بوەستە.

لەبەرانبەر پەرچەكداری ئێران‌و ئایا ئێران پەرچەكداری چۆن ئەبێت ئەو دەڵێت: "ئێران لە ئابوورییەكی خراپ و ترسناكدایە، دۆخێكی فشەڵی ئابووری هەیە، رۆژانە خۆپیشاندان و ناڕەزایی و كوشتار لە وڵاتەكەیدا هەیە، لەهیچ شوێنێكی ئێران بەرچاوم ناكەوێت، كە پاڵپشتی ئێران هەبێت وەك ئەوەی، كە لە جەنگی عێراق – ئێران خەڵكی ناوخۆی پشتیوانی لێدەكرد".

دەشڵێت: دەبێت رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئەوە لەبەرچاوبگرێت هەر پەرچەكردارێك كۆتایی هێنانە بەرژێمەكەی، بۆیە لە ئێستادا باشترە دەستپێشخەرییەكی دیپلۆماتی ئەمریكی هەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێران وتووێژ بكرێت، ئەگەر وانەبێت ئەوا هەنگاوی داهاتوو لێدانە لەسەرخان و ژێر خانی نەوتی ئێران و لێدانی هێزی سەربازی.

دەربارەی ئەو رێوشوێنانەی، كە ئەمریكا گرتویەتییە بەر بە ناردنی هێز و زیادكردنی هێزی بەرگری ئاسمانی، پترایۆس پێیوایە ئەوە پێنتاگۆنە دەتوانێت بزانێت ئاسەواری كردە سەربازییەكە چی دەبێت و مەترسییەكان كەمكاتەوە، وێرای ئەوەی ناتوانرێت ترسەكان بەتەواوی نەهێڵرێت لەسەر ناوچەكە.

كاتێك فۆرن پۆلیسی پرسیاری ئەوەی لێدەكات ئایا هێرشكردنە سەر ئێران لەناو عێراقدا كارێكی ئیستفزازی نییە، ئەو دەڵێت: "دووبارەی دەكەمەوە، ئەلتەرناتیڤ چییە؟ ئێران چی دەكات؟ بیركردنەوە لەئەنجامی كاریگەرییەكان لەسەر ئەم دوژمنە ئەزەلییە، كە دەیەیەكە توشمان بووە- لەو كاتەوەی بەرێوەبەری هەواڵگری بووم و بەرپرسی هێزی هاوبەش بووم لەرزگاركردنی عێراق و نوێنەری سەرۆك بووم، بۆیە ئەم هەوڵە زۆر گرنگ بوو بۆ گێرانەوەی بەرگری لەخۆكردن و تاڕادەیەك پاڵپشتیكردنی پەرچەكردارەكانیش گرنگ نین تائێستا".

لەبەرانبەر ئەو پرسیارەش جەنگی سەرتاسەری دەبێت؟ وتی: "بەراستی هەموو لایەنەكان نیگەرانن بەوەی، كە شەڕی فراوان ببێت، بەڵام دەبێت ئەو نائارامی و دڵەراوكێیەی ئێران لەبەرچاوبگرین لەبەرانبەر بوونی ئەو هەموو نارەزایی و خۆپیشاندانانەی دژی رژێمەكە دەكرێن، بۆیە ترسێكی گەوەرەیە ئەگەر ئێران ئەم دۆخەی هەیە قبوڵی نەكات".

پێشیوایە پێویستە ئێران رێكەوتن بكات، راستە دەشێت پەرچەكرداری هەبێت، بەڵام ئەوەی دەبیسترێت رژێمەكە ئامادەیی تێدایە رێوشوێنی بنەڕەتی بگرێتەبەر.

لەكۆتایدا باس لەوەدەكات، كە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیازی یاسایەكی كردووە بۆ كردنەدەرەوەی ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق، بەڵام پترایۆس دەڵێت: "پێموانییە هەموو سەركردە عێراقییەكان لەگەڵ ئەوەدا بن، چونكە تا ئێستا داعش هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق، سەركردە عێراقییەكان دەیانزانی میلیشیاكانی سەر بە ئێران نەبوون بەسەر داعشدا سەركەوتن، بەڵكو ئەوە هێزەكانی سوپای عێراق و هێزی تایبەتی مەشقپێكراو بوون لەلایەن ئەمریكاوە ئەو سەركەوتنانەیان تۆماركرد.