وێنەو زانیاری.. گومان لەسەر تەواوی رێژەی یاسایی كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی عێراق دروست بووە

ڕاپۆرت

07/01/2020‌ 7878 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گومان لەسەر تەواوی رێژەی یاسایی ئەو كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دروست بووە، كە رۆژی یەك شەممە ئەنجامدراو كۆبوونەوەكەش تایبەت بوو بەبڕیاری پابەندكردنی حكومەت بەكۆتایی هێنان بەبوونی سەربازی هێزە بیانییەكان لەعێراق.

كۆبوونەوەكە ئێوارەی رۆژی یەك شەممە ئەنجامدرا، بەو پێیەی ژمارەی پەرلەمانتارانی عێراق 329 پەرلەمانتارە، دەبێت 167 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتن بن، كە ئەوەش 50+1ی ئەندامان دەكات.

بەپێی ئەو وێنانەی چەند سەرچاوەیەك بڵاویانكردووەتەوە، لەكۆبوونەوەكەی رۆژی یەك شەممە تەنیا 130 پەرلەمانتار ئامادەبوون، بەوەش رێژەی یاسایی تەواو نەبووە.

 

ئەمە لەكاتێكدایە، رۆژی یەك شەممە وا راگەیەنرا، لەكۆبوونەوەكە ژمارەی ئامادەبووان 172 پەرلەمانتار بووەو 165 پەرلەمانتار دەنگیان بە بڕیارەكە داوە.

زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، كە لەكۆبوونەوەكە پەرلەمانتارانی كورد بەشدارییان نەكرد، كە ژمارەیان 59 پەرلەمانتارەو تەنیا بەشیر حەدادی جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئامادە بووە، لەلیستی دەوڵەتی یاساش بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی 26 پەرلەمانتار 6 ئامادەبوون، لەلیستی نەسر بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی 25 پەرلەمانتار 4 بۆ 5 ئامادەبوون، لەهاوپەیمانی نیشتمانی بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی تەنیا، تەنیا 3 بۆ 4 پەرلەمانتار ئامادەبوون لەكاتێكدا 15 پەرلەمانتاری هەیە.

هەروەها لەلیستی سووننەكانیش، كە 70 پەرلەمانتارن، تەنیا 15 پەرلەمانتار ئامادەبوون زیاتر لە 15 پەرلەمانتاریش تائێستا سوویندی یاساییان نەخواردووە، كە لەچەند سەركردەیەكی پارتە سیاسییەكان پێكهاتوون.

بەپێی چەند زانیارییەكی دزەپێكراوی ناو كۆبوونەوەكەش گفتوگۆو مشتومڕ لەنێوان محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرەكەی لەسەر رێژەی یاسایی دروست بووە.

لەڤیدیۆكی دزەپێكراوی كۆبوونەوەكەش، محەمەد حەلبوسی بە پەرلەمانتارە شیعەكان دەڵێت: ئەمڕۆ رۆژی شیعەكانە تەنیا ئەوان لە كۆبوونەوەكە ئامادەن، هیوام وابوو ئەم بڕیارە عێراقییە بە ئامادەبوونی هەموو كوتلەكان بێت، ئەمڕۆ ئامادەبوونیش شتێكی گرنگە، ئێمە هەموومان بە دۆخێكی سەختدا تێپەڕیووین ئێستا كاتی ئەوەیە بڕیارێكی تەواو عێراقییانە بدەین.

هەروەها دەڵێت: ئێوە ئەمڕۆ هەمووتان برا گەورەن و بەرپرسیاری منداڵەكانتان، خوشك و برا شیعیەكان، كورد، سوننە و كەمینەكان لەهەموو ناوچەكانی عێراق لە ئەستۆی ئێوەیە.

حەلبوسی پەیامێكی ئاراستەی پەرلەمانتارە شیعییەكانیش كرد بەوەی یەكێك لە هەنگاوەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی راگرتنی مامەڵەی داراییە لەگەڵ عێراق.

دەقی بڕیارەكانی كۆبوونەوەكە:
پابەندبوونی حكومەتی عێراق بەوەی سەرجەم هاوكارییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژ بە داعش ڕەتبكاتەوە، هەروەها حكومەت كاربكات بۆ كۆتایهێنان بە بوونی هەرجۆرە هێزێكی سەربازیی بیانی لە عێراق، ئەوە جگە لە قەدەغەكردنی ئاسمانی عێراق بۆ هەر هۆكارێك، هاوكات ماوەیەكیش بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە دیاریبكرێت.

حكومەتی عێراق كار لەسەر كۆتاییهاتنی  هەر هێزێكی بیانی دەكات لەخاكەكەی و هەروەها  قەدەغەكۆدنی بەكارهێنانی خاكەكەی لەلایەن هەروڵاتێك بەبیانوی جیاواز.  

حكومەتی عێراق لەڕێگەی وەزیری دەرەوەی سكاڵای خۆی بگەیەنێتە نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش دژ بە ئەمریكا، ئەویش بەهۆی پێشێلكارییە مەترسیدارەكانی بۆ سەر خاكی عێراق.

حكومەتی عێراق پابەند بكرێت بە  لێكۆڵینەوەكانی لەئاستێكی باڵا  لەبۆردومانەكەی ئەمریكا  لەماوەی حەوت رۆژدا ئەنجومەنی نوێنەرتن دەرئەنجامەكانی ئاگادار بكرێتەوە. 

جێبەجێكردنی تەواوی ئەم بڕیارانە لە  دوای  دەنگدان لەسەریان لە پەرلەمانی عێراق دەكەوێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.