زانیاری لەسەر هێرشە موشەكییەكەی ئێران بۆ سەر بنكەكانی ئەمریكا لەعێراق‌و هەرێم

لە میدیاکانەوە

08/01/2020‌ 1946 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان غەفوور
سەعات 5:30 بەیانی رۆژی 8ی جینیوەری بەكاتی بەغدا، ئێران 15 موشەكی بالستی ناوە بە دوو بنكەی سەربازی هێزەكانی هاوپەیمانان لە بنكەی سەربازی عەین ئەلئەسەد و بنكەیەك لەشاری هەولێر-ی هەرێمی كوردستان.

بەپێی هەواڵێكی سێ ئێن ئێن موشەكبارانەكە وەك تۆڵەسەندنەوەیە لەهێزەكانی ئەمریكا بەرانبەر كوشتنی قاسم سلێمانی بووە، كە رۆژی 3ی جێنیوەری لە رێگەی فرۆكەخانەی بەغدا لەرێگەی فرۆكەی بێ فرۆكەوان بە بڕیاری دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا كوژرا.

لەو بارەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پێنتاگۆن جەختی لەسەر ئەوەكردەوە، كە بە دەیان موشەك نراوە بە بنكەی عەین ئەلئەسەد، كە 100 مایل لە بەغداوە دوورە، هەروەها بنكەیەكی شاری هەولێر لە هەرێمی كوردستان، كە بەپێی قسەی پێنتاگۆن بنكەی عەین ئەلئەسەد هێزەكانی عێراقیشی تێدا بووە.

تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە روون نییە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چ پەرچەكردارێكیان دەبێت تەنیا ئەوەندە نەبێت ستیڤانی گریشام سكرتێری رۆژنامەوانی كۆشكی سپی بڵاویكردەوە، كە ئێران هێرشی كردووەتە سەر دامەزراوە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و لەئێستادا ترامپیش "چاودێری دۆخەكە دەكات و لە گفتوگۆدایە لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی".

بەر لەهێرشەكە ئەمڕۆ مارك ئیسپێر وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاند ئەمریكا ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێك بكرێتە سەری. رونیشیكردەوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستپێشەخەری شەڕ نابێت لەگەڵ ئێران".

بەپێی ماراسا راداتز پەیامینێری كەناڵی ئەی بی سی لە تاران، بەر لە هێرشەكە وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، تەنیا ئێران هێرشێكی تۆڵەسەندەوە دەكات و بەجیهانی راگەیاند.

لەلایەكی دیكە جۆناسان هۆفمان وتەبێژی پێنتاگۆن بە كەناڵی ئەی بی سی راگەیاند، لە ئێستا سەرقاڵی ئەوەین بزانین زیانە ماددی و گیانییەكان چەند بوون.

هەروەها بەرپرسێكیش لەبنكەی عەین ئەلئەسەد بە لۆس ئەنجلۆس –ی راگەیاندووە، لە چوار بەشی موشەكەكان هەڵە كەوتوونەتەوە یاخود لەئاسمانەوە بەهۆی هێزی بەرگری دژە ئاسمانییەوە تەقێنراونەتەوە یاخود رێرەوەكەیان گۆڕدراوە.

سەرچاوەیەك لە پێنتاگۆن بە فۆكس نیوزی ڕاگەیاند، ١٥ موشەك لە ئێرانەوە تەقێنراوە، ١٠ بەر بنكەی ئەلئەسەدی سەربازی كەوتووە، ١ مووشەكیش لە بنكەیەكی ھەولێر لە ھەرێمی كوردستان، چوارەكەی تریشی لەئاسمان تەقێنراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەی پێنتاگۆن جەختی كردەوە یەك سەربازی ئەمریكی بریندار نەبووە و بێ زیانی گیانی بووە كە لای ئەمریكا ئەوە مەبەستە.

بەپێی رۆژنامەی میلیتۆم تایمز 10 موشەكیان ئاراستەی بنكەی ئەلئەسەد كەوتووە و تەنیا موشەكێك نراوە بە بنكەكەی هەولێرەوە.

هەروەها كۆماندۆزێكی ئەمریكی لە هەولێرەوە بە رۆژنامەی میلیتۆم تایمز-ی راگەیاندووە كە تەنیا یەك مووشەك ئاراستەی بنكەكە كراوە و مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی-یش پەیوەندی پێكەوە كردوون و لەسەڵامەتی سەربازانی بنكەكە.