لەملیۆنێرییەوە بۆ شۆفێری تەكسی.. چۆن سیاسەت ژیانی هاكان شوكری وێران كرد

هەمەڕەنگ

15/01/2020‌ 1483 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
هاكان شوكر، كە لە ١١٢ یاریی نێودەوڵەتیدا ٥١ گۆلی بۆ هەڵبژاردەی توركیا تۆماركردو كردی بەپاڵەوانی تۆپی پێ لەتوركیا بەتایبەتی دوای ئەوەی لەمۆندیالی ساڵی ٢٠٠٢ی كۆریا و ژاپۆن توانیان پلەی سێیەم بۆ هەڵبژاردەی توركیا بەدەستبهێنن، بەشێوەیەك هاكان چاوی لەوە بوو دوای وازهێنانی لەیارییكردن ئایندەیەكی گەش چاوەڕێی بكات، بەڵام ئێستا لەچاوی دەوڵەتی توركیا وەك دوژمنێك سەیر دەكرێت‌و رۆژانە لە واشنتۆن خەریكی پەیدانكردنی قوتی رۆژانەیەتی .

هاكان لەیەكەم لێدوانی رۆژنامەوانیدا بۆ رۆژنامەی "فیڵت ئێم زونتاغ" دەڵێت: هیچ شتێكم لەهیچ شوێنێكی جیهاندا بۆ نەماوەتەوە.

پێشتر لەتوركیا ملیۆنێر بوو ئێستا لەئەمەریكا مایەپووچە و وەك شۆفێری تەكسی بۆ كۆمپانیای بەناوبانگی "ئوبەر" كاردەكات .

ئەوەی گومانی وایە، كە شوكر بەهۆی ئاڵوودەبوونی بە ماددە هۆشبەرەكان، یان قوماركردن، یان كارێكی لەو جۆرە مایەپووچ بووە ئەوە هەڵەیە، بەڵكو بەپێی پێگەی "فۆكۆس"ی ئەڵمانی ئەو پیاوە ٤٨ ساڵە بەتەواوەتی لەو شتانە بەدوورە .

شوكر دەڵێت: بوونم لە ئەمەریكا بە خواستی خۆم نییە، چونكە ئێستا لە توركیا كەسێكی نەخوازراوم، ئەردۆغان هەموو شتێكی لێزەوت كردم، مافی ئازادی، مافی رادەربرین و مافی كاركردنم.

هۆكاری هەموو ئەو شتانە لەساڵی ٢٠١١ دەستیپێكرد كاتێك بوو بەئەندامی پارتی دادو گەشەپێدان و لەسەر شاری ئیستەنبووبوو بە پەرلەمانتار، بەڵام لەساڵی ٢٠١٣ دەستی لە پارتی دادو گەشەپێدان كێشایەوە، بەقسەی شوكر ئیتر لێرەدا دوژمنایەتی پارتەكەی ئەردۆغان دەستیپێكرد .

وردە وردە ماڵ و منداڵەكەی تەنگیان پێهەڵدەچنرا و خۆشی لەگەڵ هەر لێدوانێك هەڕەشەی لێدەكرا، بۆیە ساڵی ٢٠١٥ بەرەو وڵاتە ەمەریكا كۆچی كرد، بەڵام ئەمە كۆتایی بە كارەكە نەهێنا، بەڵكو باوكی دەستبەسەر كرا و خرایە ژێر مانەوەی ناچاری و ماڵ و موڵكی یاریزانەكەش دەستیبەسەرداگیرا، كە بە بەهای ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرا .

ساڵی ٢٠١٦ ش، دادگای توركیا تۆمەتی جنێودان بەئەردۆغان و بیلالی كوڕی لەتویتەرەوە خستە پاڵ شوكر، كاتێكیش هەوڵی كودەتاكە درا، شوكر تۆمەتبار كرا بەوەی ئەندامی گرووپی فەتحوڵڵا گولەنە، كە ئەردۆغان دەڵێت: دەستیان لەهەوڵی كودەتاكەدا هەبووە، بەوەش ئەو یاریزانە بوو بەدوژمنی دەوڵەتی توركیا، لەبەرانبەردا شوكر رەتیدەكاتەوە، كە ئەو ئەندامی ئەو كۆمەڵەیە بێت .

ساڵی ٢٠١٧ ئەندامێتی لە یانەی گالاتاسارای هەڵپەسێردا، كە وەك ماڵی دووەمی وابوو ، لەساڵی ٢٠٠٠ كاسێكی یەكێتی ئەوروپایان بردەوە، كە ئەوە یەكەم یانەی توركییە ئەو نازناوە بەرێتەوە .

ماوەیەك شوكر لەواشنتۆن قاوەخانەیەكی كردەوە بۆئەوەی پێی بژی، بەڵام لەلایەن چەند كەسانێكەوە تەنگی پێهەڵدەچنرا، بەشێوەیەك دەهاتنە بەردەم قاوەخانەكە و مۆسیقای "دومبرا"یان لێدەدا، كە پارتەكەی ئەردۆغان پێی وایە ئەوە مۆسیقای رەسەنی توركەكانە.

ماوەیەكیش خرایە ژێر چاودێری پۆلیس ، هەروەك لەلایەن نووسینگەی لیكۆڵینەوە فیدراڵییەكانیش چاودێری دەكرا.

شوكر دەشڵێت: ئێستا لە واشنتۆن كتێب دەفرۆشم و وەك شۆفێری تەكسیش كار دەكەم، "شكوور ئێستا كاروبارەكان باشترن".

 وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی