بەشێك لەوردەكاری ڕێكەوتنەكەی نێوان عێراق و چین

ئابوری

15/01/2020‌ 1397 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیری عێراق دەڵێت: ڕێكەوتننامەی بازرگانی نێوان عێراق و چین لەسەر بنەمای جێبەجێكردنی پرۆژەكانی بواری ژێرخانی ئابووری واژووەكراوە .

ساڵح لەلێدوانیكدا دەشڵێت: ڕیكەوتنەكە بریتییە لە ئاڵوگۆڕكردنی داهاتەكانی نەوت بەجێبەجێكردنی پرۆژە لەعێراق، هەروەها باسی لەوەش كردووە، كە لەچوارچێوەی ڕێكەوتنەكە عێراق لە بانكێكی متمانەپێكراوی چین هەژمارێكی بانكی كردووەتەوە و داهاتەكانی ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی تێدا هەڵدەگیرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە ئەو هەژمارە پارەی ئەو كۆمپانیایانەی لێخەرج دەكرێت، كە پرۆژەكان لە عێراق جێبەجێدەكەن، ئەوەش دەڵێت: لەجێبەجێكردنی پرۆژەكاندا زیاتر تەركیز لەسەر دروستكردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە و ڕێگەوبان و كارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ كراوەتەوە، پرۆژەكانیش لەڕێگای وەزارەتی پلاندانان بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران دەستنیشان دەكرێن .

لەبەشێكی تری قسەكانیدا ساڵح باسی لەوە كردووە، كە ڕێكەوتنەكە دەرفەتێكی زۆری كار بۆ بێكاران دەستبەر دەكات‌و بواری كاركردنیش بۆ كۆمپانیا خۆماڵییەكان دەرەخسێنێت، ئەوە سەرباری ئەوەی لەرێكەوتنەكەدا پێداگری لەسەر ئەوە كراوەتەوە، كە دەبێت لەكاتی جیبەجێكردنی پرۆژەكاندا پشت بە بەرهەمە ناوخۆییەكان ببەسترێت وەك چیمەنتۆ و خشت و لم و كەرەستەكانی تر، كە ئەوە گەشەیەكی گەورەی ئابووری لە وڵاتدا درووست دەكات .

سەبارەت بە ماوەی جێبەجێكردنی ڕێكەوتنەكە، راوێژكارەكەی عادل عەبدولمەهدی دەڵێت:  رێكەوتنەكە بۆماوەی ٢٠ ساڵە و هەركاتێكیش عێراق بیەوێت دەتوانێت لێی پاشگەزببێتەوە و رێكەوتنەكە هەڵبوەشێنێتەوە ، هەربۆیە ئەو هاشوهووشەی لەبارەی مەترسییەكانی ڕێكەوتنەكەوە دەكرێن هیچ بنەمایەكیان نییە .

هەروەها سەبارەت بە مەترسی ئەوەی ئەمەریكا بەهۆی ڕێكەوتنەكەوە سزای عێراق بدات ، ساڵح دەڵێت: لەو بارەیەوە هیچ مەترسییەك لەئارادا نییە، تائێستا نەمانبیستووە ئەمەریكییەكان لەو بابەتە نیگەران بن یاخود نارەزایەتی لەبارەوە دەرببڕن و هۆشداری بدەن، لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا ئەو دۆسیەیە هیچ پەیوەندی بە ئەمەریكییەكانەوە نییە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی