ئەحمەدی حاجی رەشید: بڕینی پارەی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نایاساییه‌

عیراق

15/01/2020‌ 1693 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن مامەند
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە ڕووی یاسایی و داراییەوە ناتوانرێت، ئەو پارەیەی كە بەغدا مانگه‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی دەنێرێت ببڕدرێت، بەڵام "لەڕووی سیاسیەوە مەترسی بڕینی هەیە".

ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌ نوسراوێكدا داوایان له‌ وه‌زاره‌تی دارایی  عێراق كردووه‌ كه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی مانگانه‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌نێردرێت ببڕدرێت، ئه‌وه‌ش به‌بیانوی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان  داهاتی خۆی رادەستی گەنجینەی دەوڵەتی عێراق ناکات.

ئەحمەد حاجی رەشید، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق بە شارپرێس-ی راگەیاند، "لەڕووی یاسایی و لەڕووی داراییەوە، بەغدا بۆی نییە ئەو پارەیە ببڕێت، كە مانگانه‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هەرێمی كوردستانی دەنێرێت".

ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەوەی ئێستا مەترسییە لەسەر بڕینی ئەو پارەیەی بەغدا، مەترسیەكی سیاسیی هەیەو دەكرێت بەبڕیارێكی سیاسی ئەو پارەیە ببڕێت، چونكە لەڕاستییدا هەرێم  لەسەر هەندێك پرس بێدەنگ و بێلایەنی هەڵبژارد بەتایبەتی لەڕووی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لەعیراق و چەند پرسێكی تر".

كۆتایی ساڵی رابردوو هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر رەوانەكردنی 250 هەزار نەوتی كوردستان لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە گەیشتنە رێككەوتن، بەڵام بەهۆی ئەوەی تا ئێستا پڕۆژەیاسای بودجەی 2020 رەوانەی پەرلەمان نەكراوە رێككەوتنەكە كاری پێنەكراوە.

لە مانگی نیسانی ساڵی 2018 ەوە مانگانە حكومەتی عێراق بڕێك پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت، تا ئێستا مانگانە 522 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات.