بە رێککەوتنى پارتى و یەکێتى و گۆڕان
بڕگەى کەمترین خانەنشینى ٤٠٠ هەزار لە پرۆژە یاسای چاکسازى لابرا

کوردستان

15/01/2020‌ 6763 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان ئاشکراى دەکات بڕگەى کەمترین خانەنشینى ٤٠٠ هەزارى خانە نشینان لە پرۆژە یاسای چاکسازى لابراوە.

رووپاک ئەحمەد ئەندامى فراکسیۆنى کۆمەڵ لەپەرلەمانى کوردستان بە شارپرێسى رایگەیاند، بڕگەیەک لە پرۆژە یاساى چاکسازیدا هەیە کە موچەى خانەنشینان لە ٤٠٠ هەزار کەمتر نەبێت لە پڕۆژە یاسای چاکسازى لابرا، بەبیانووى ئەوەى حکومەت تواناى نییە جێبەجێ بکات.

ئاشکراشى کرد، بڕگەکە بەپێى رێککەوتنى پارتى و یەکێتى و گۆڕان لە گفتوگۆى لیژنە هاوبەشەکان لابراوە، دەشلێت ئەو خۆى لە گفتوگۆکانى لیژنەکاندا بووەو دەنگى پێنەداوە.

ئەندامەکەى پەرلەمانى کوردستان باس لەوە دەکات، لابردنى ئەو بڕگەیە دەبێت بە رەزامەندى پەرلەمانتاران بێت، رونیشیدەکاتەوە بە دەنگى ٣٠ پەرلەمانتار ئەو بڕگەیە زیاد کرا کەچى ئەمرۆ بڕگەکە لابرا.

روپاک ئەحمەد باس لەوەش دەکات، ئەوان ئامادە نین سبەی لە دانیشتنى پەرلەمان دەنگ بە پڕۆژە یاساکە بدەن.

لە دوو رۆژى رابردوودا پەرلەمانى کوردستان خوێندنەوەى دووەمى بۆ پڕۆژە یاسای چاکسازى کرد، بەڵام بەوتەى بەشێک لە پەرلەمانتاران نەتوانراوە خواستەکانى خەڵکى تێدا جێگیر بکرێت کە کەمکردنەوەى ریژەیەکى بەرچاو لە موچەى پلە باڵاکان.
س.هـ