٨٠٠ ملیار دینار قەرز لە بازرگانەکان وەردەگیرێتەوە

کوردستان

15/01/2020‌ 628 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:
عەلى حەمە ساڵح سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لەپەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، چاکسازی لەوێوە دەستپێدەکات موچەی خانەنشینی خۆت ببڕیت بۆ ئەوەی بدرێتە کەمترین خانەنشینی، ئەمە نیەتی ئێمەیە، ئەمە ڕۆحی گۆڕانکاریە.

 ئاماژەى بەو چاکسازیانە کردوە کە لە پرۆژە یاسای چاکسازیدا کراون ئەوانیش ھەڵوەشاندنەوەی ھەزاران خانەنشینی نایاسایی لە وەزیرەوە بۆ بریکارو خواتر لیواو و عقیدو عمییدو خستنە باری یاسایی؛ یەکێک ئەگەر مەرجی یاسایی تێدا بێت، رێکخستنەوەی لیستی شەھیدان و کەمئەندامانی سەنگەر و زیندانی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین ، لەوانەی شایستەی یاساییان نیە.


بەوتەى خۆى وەرگرتنەوەی پلە سەربازی و ئیداری لە ئەوانەی لە دەرەوەی شایستەی خۆیان پلەیان بەرزکراوەتەوە، ڕێگریکردن لە دوو جار سودمەند بون لە موچە، جگە لە کەسوکاری شەھیدو ئەنفال و زیندانی سیاسی

ناوبراو دەلێت، شەش جێگا ھەیە فەرمانگەی خانەنشینن و ھۆکارێکن بۆ گەندەڵی و لیستی ناڕەوای خانەنشینی، ھەڵدەوەشێتەوەو خانەنشینی لەیەک فەرمانگەدا کۆ دەبێتەوەو لەگەڵ دروستکردنی سندوقی خانەنشینی جێگیر دەکرێت.


عەلى حەمە ساڵح باس لەوەش دەکات پاسەوانی لە کوردستاندا بوە بە ھۆکارێکی گەورەی گەندەڵی و نادادی، ئەویش رێکدەخرێتەوە بە پێی پێوەر کێ دەبێت پاسەوانی ھەبێت و چەندی ھەبێت، ھیچ ھێزێکی سەربازی ڕێکخراوە و ناڕێکخراو(حیزبی )یەکەی ژمێریاری خۆی نامێنێت.


سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان ئەوەش دەخاتەڕوو کە نزیکەی ٨٠٠ ملیار دیناری قەرزی بازرگانەکان وەردەگیرێتەوەو بەکاردەھێندرێت بۆ پێداچونەوە بە موچەی خانەنشینی کەم.

 لەبەشێکى تری نوسینکەیدا عەلى حەمە ساڵح رونیکردەوە، ژمێرەو حسابی سەرجەم ھێزە سەربازی و ئەمنیەکان دەکەونە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی، هاوکات پاشەکەوتی موچە دەخرێتە ژمارە حسابێک و وەزارەتی دارایی ڕێنمای بۆ بەکارھێنانی دەردەکات.


هەروەها لەکۆتایشیدا باسى لەوەکردوە، جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە گرنگە،بەڵام لای ئێمە چاکسازی لە خاڵە سنوریەکان، نەوت، باج، وەبەرھێنان، دەرمان ھەنگاوە گرنگەکانی چاکسازین، ئەوەی ئێستا تەنیا یەک ھەنگاوە لە چەندین.
س.هـ

بەپەلە