لەبواری بڵاوكردنەوەی لێكۆڵینەوەی زانستیدا چین پێش دەداتەوە

هەمەڕەنگ

16/01/2020‌ 287 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
راپۆرتێكی نوێی دامەزراوەی نیشتمانی بۆ زانستەكان لە ئەمەریكا ئاشكرایكردووە، كە لە ساڵی ٢٠١٨ دا نزیكەی دوو ملیۆن و پێنج سەد هەزار بابەتی زانستی لەجیهاندا بڵاوكراوەتەوە، لەو ژمارەیەش پشكی شێر بەپلەی یەكەم بەر چین دواتر ئەمەریكا كەوتووە .

بەگوێرەی راپۆرتەكە ژمارە لێكۆڵینەوە زانستی و ئەندازیارییەكانی چین لەگۆڤارە زانستییەكانی جیهاندا لە ساڵی ٢٠١٨ دا بریتی بووە لە ٥٢٨ هەزار و ٢٦٣ لێكۆڵینەوە، لەكاتێكدا ئەمەریكا لەو ساڵەدا ٤٢٢ هەزار و ٨٠٨ لێكۆڵینەوەی زانستی بڵاوكردووەتەوە .

بەوەش بۆیەكەمجار لەمێژوودا چین لە بڵاوكردنەوەی لێكۆڵینەوەی زانستیدا پێش ئەمەریكا كەوتەوە، كە بەدرێژایی سەدەیەك ئەمەریكا لەبواری زانست و ئەندازیاریدا پێشەنگ بوو .

هەر بەپێی داتاكانی دامەزراوە ئەمەریكییەكە بڵاوكردنەوەی لێكۆڵینەوە زانستییەكان بەشێوەیەكی بێپیشینە زیادیان كردووە بەشێوەیەك تەنیا لەساڵی ٢٠١٨ دا  دوو ملیۆن و ٥٥٥ هەزارو ٩٥٩ لێكۆڵینەوە بووە، لەكاتێكدا بەدرێژایی دەیەیەك واتا لەساڵی ٢٠٠٨ وە تا ٢٠١٨ تەنیا ملیۆنێك و ٧٥٥ هەزار و ٨٥٠ لێكۆڵینەوەی زانستی بڵاوكراوەتەوە.

لەساڵی ٢٠٠٨ ئەمەریكا ٣٩٤ هەزار و ٩٧٩ لێكۆڵینەوەی بابەتی لەبارەی زانست و تەكنەلۆژیا بڵاوكردەوە لەكاتێكدا چین لەهەما ساڵدا تەنیا ٢٤٩ هەزار و ٤٩ لێكۆڵینەوەی لەو بوارەدا بڵاوكردەوە .

راپۆرتەكەی دامەزراوەی نیشتمانی بۆ زانست ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە گەشەی جیهانی بڵاوكردنەوەی زانستی لەبواری زانست و تەكنەلۆژیا لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا لەسەدا چوار بووە، لەكاتێكدا گەشەی چین لەو بوارەدا دوو قاتی ئەوە بووە .

هەر بەپێی راپۆرتەكە لەساڵی ٢٠١٨ دا هیندستان بەبڵاوكردنەوەی ١٣٥ هەزار و ٧٨٨ لێكۆڵینەوە و بابەتی زانستی پلەی سێیەمی جیهانیی هەبووە .

بەگوێرەی پێگەی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، دوای هیندستان هەریەك لە ئەڵمانیا و ژاپۆن و بەریتانیا و رووسیا و ئیتالیا دێن ، كە ڕێژەی بەشداریكردنیان لە بڵاوكردنەوەی لێكۆڵینەوە زانستییەكان گەیشتۆتە ٤،٨ و ٣،٨٧ و ٣،٨٢ و ٣،١٩ و ٢،٧٩ لەسەدا .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی