ترامپ بە كوشتنی سلێمانی دووبەرەكی لە ئەمریكا نایەوەو ئیستفزازی ئێرانی كرد

لە میدیاکانەوە

16/01/2020‌ 710 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی نیۆرك تایمز باسی لەدابەشكردنی زیاتری لەناو خەڵكی ئەمریكا ئەمریكا كردووە، ئەوەش بەهۆی قەڵسكردنەكانی سەرۆكەكەیانەوە (دۆناڵد ترامپ) لەگەڵ ئێران، بەتایبەتی كوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران قاسم سلێمانی.

رۆژنامەكە لە راپۆرتێك بڵاویكردەوە، كە ترامپ لە میانی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا پێش ساڵی 2016، توانی پشتیوانییەكی فراوانی خەڵك‌و كۆمارییەكان بەدەست بهێنێت لە رێگەی ئەو رەخنانەی لەئەمریكای گرت بەهۆی بەشداریكردن لە جەنگەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

رۆژنامەكە بڵاویشیكردەوە، كە ئەمەش بە دیاریكراوی لەشاری دۆبیۆكی ویلایەتی ئایوای ئەمریكا بوو، كاتێك پێش چوار ساڵ بە گوزارشتێك وتی: من گەنجم ، نامەوێت بچم بۆ جەنگ.. هەموو ئەمانە بابەتێكی نادادگەرییەو گوزارشتە لە ئاژاوە.

لە نۆڤەمبەری هەمان ساڵیشدا، دۆبیوك بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1956ەوە دەنگی بە كاندیدی كۆمارییەكاندا لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیدا، بە شێوەیەك ترامپ توانی پشتیوانی دانیشتوانەكانی ئەو شارە بە دەست بهێنێت، كە بەنمرە یەك پێكهاتبوون لەكرێكارە پێست سپیەكان و كاسۆلیكەكان، ئەمەش بەپەیمانەكانی دەربارەی ڕاوەستاندنی شەڕ و كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەو چوارچێوەیەدا نیۆرك تایمز باسی لەوە كردووە، سەركەوتنی ترامپ لە رێگەیدا بۆ جاری دووەم، لە دۆبیۆك و شوێنەكانی تریش هەروا دەبێت، تا ڕادەیەكی زۆر لەسەر ئەوە دەوەستێت دەنگدەرەكان رازی بكات بەوەی دەنگ بە دیموكراتەكان نەدەن، بەڵام نیمچە ململانێیەكی نوێ لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمجارە لەگەڵ ئێراندا هەیە. 

بەگوێرەی رۆژنامە، هاوپەیمانییە سیاسییەكەی، كە ترامپ لە ساڵی 2016دا دروستیكردووە دەكەوێتە بەر مەترسی، دوای ئەوەی دەنگدەران بۆیان دەركەوتووە كۆمارییەكان گوێیان بە داواكاریەكانیان نەداوە، بەتایبەتی كاتێك قسە لەسەر قوربانییەكان دەكرێت لە جەنگەكاندا.

یەكێك لە دانیشتوانی دۆبیۆك بۆ رۆژنامەكەی دووپاتكردووەتەوە، كە ئەوەی ترامپ دەیڵێ سەبارەت بە كشانەوە لە فڵان شوێن و دەرچوون لە شوێنێكی تر، بە تەواوی پێچەوانەی كردەوەكانێتی، ئەمەش جێگای دڵخۆشی نییە و ئەو گیانی سەربازەكان دەخاتە مەترسییەوە.

نیۆرك تایمز ئەوەشی روونكردووەتەوە، ترامپ سەركێشی دەكات، لە كاتێكدا ئاڵۆزییەكان لەگەڵ ئێراندا لە ئاستێكی بەرزدان و دەیەوێت لەماوەكانی جەنگدا ئەو سەرۆك بێت، كەچی چەندین جاریش دووپاتیكردووەتەوە ئەمەی ناوێ. ئەوەشی لەتوانایدایە دەیكات بۆ ئەوەی چارەسەری دژیەكییەكان بكات لە سیاسەتی دەرەوەیدا، لە هەمان كاتدا وا لە هەندێك لە دەنگدەرانی دەكات پرسیار دەربارەی سروشتی ئەو بكەن بەوەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە و ئەوەتا داعشی تەفروتونا كرد و ئەو جەنگانەی، كە كۆتاییان نییە وەستاندی، یان خاوەنی بڕیارە دژیەكەكانە، كە فەرمان دەكات لەماوەی سێ مانگدا هێزەكانی لە سوریا بكشێنێتەوە و پاشان هەزارانی تر لە ناوچەكەدا بڵاوە پێ بكات بۆ ئامادەبوون لەبەرانبەر ئەگەری جەنگ لەگەڵ ئێران، دوای كوشتنی یەكێك لە دیارترین ژەنراڵەكانی ئەو وڵاتە لە رێگەی فرۆكەی بێ فرۆكەوانەوە.

رۆژنامەكە لە راپۆرتەكەیدا وای داناوە، ئیستیفزاز كردنی ئێران لەلایەن ترامپەوە دابەشكاری و لەت لەت بوونی لە نێو وڵاتدا زیاتر كردووە، ئەویش بە جەنگە سیاسی و ئاژاوە بەردەوامەكانی لەماوەی سێ ساڵدا.

سەرچاوە: نیۆرك تایمز 
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا