ئێران‌و لایەنە شیعەكانی عێراق فشارەكانیان بۆ سەر هەرێم زیاد دەكەن

کوردستان

16/01/2020‌ 3151 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئێران‌و لایەنە شیعەكانی عێراق فشارەكانیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان زیادكردووە، تا هەولێر ناچار بێت، بەداواكارییەكانی بەغدا رازی بێت.

داواكاری سەرەكی بەغدا ئەوەیە، كە هەرێمی كوردستان پشتگیری ئەو هەوڵە بكات، لایەنە شیعییەكان بەهاوكاری ئێران دەیدەن، بۆ دەكردنی هێزە بیانییەكان لەناو خاكی عێراق.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، سەردانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەرێكەری عێراق بۆ هەولێر و سلێمانی‌و ئیرەج مەسجدی باڵوێزی ئێران لەبەغدا، لەو چوارچێوەیە بووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، هەردوو كەسایەتی داوایان لەپارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی وەك لایەنی دەسەڵاتی هەرێم كردووە، كە پشتگیری بەغدا بكەن بۆ هەوڵی دەركردنی هێزە بیانییەكان لەهەرێمی كوردستان بەتایبەتی ئەمریكا.

دوای كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لەلایەن فرۆكە بێفرۆكەوانەكانی ئەمەریكا لەنزیك فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بڕیارێكدا، كە بەپێی ئەوە حكومەتی عێراق پابەندە بەوەی كار لەسەر كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی عێراق بكات.

هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، لەو پرسەدا بێلایەن دەبێت‌و بەو هۆیەشەوە پەرلەمانتارە كوردەكان بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمانیان نەكردو ئەوەش نیگەرانی لایەنە شیعییەكان‌و ئێرانی لێكەوتەوە.

هـ ـ ح