مەسرور بارزانى: پڕۆژە یاساى چاکسازى دڵنیایی گرنگی تێدایە بۆ مووچە وئیمتیازاتەکانی فەرمانبەر و مووچەخۆران

کوردستان

16/01/2020‌ 499 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایدەگەیەنێت کە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی هەنگاوێکی مێژووییە بەرەو کوردستانێکی بەهێزتر.

مەسرور بارزانى سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا بەبۆنەى پەسندکردنى یاسای چاکسازى رایگەیاندوە، ئەمە هەنگاوێکی مێژووییە بەرەو کوردستانێکی بەهێزتر، ئەم پرۆژەیە بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ وەڵامدانەوەی خواست وداوای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی. 

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەى بەوەشکردوە، ئامانج رێکخستنەوەی خەرجییە گشتییەکان و هێنانەدی دادپەروەرییە بۆ فەرمانبەران و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان .

ئەمەش دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە: 

دەستخۆشی لە پەرلەمانی کوردستان دەکەم بۆ پەسەند کردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی . ئەمە هەنگاوێکی مێژووییە بەرەو کوردستانێکی بەهێزتر . ئەم پرۆژەیە بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ وەڵامدانەوەی خواست وداوای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی. ئامانجیش رێکخستنەوەی خەرجییە گشتییەکان و هێنانەدی دادپەروەرییە بۆ فەرمانبەران و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان .

دوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەمووزی ساڵی رابردوو، ئێمە دەستبەجێ لیژنەیەکی باڵامان لە حکومەت پێکهێنا بۆ پێداچوونەوە و بەهێزکردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسای چاکسازی.  

هاوولاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە دەقی کۆتایی یاساکە دڵنیایی گرنگی تێدایە سەبارەت بە مووچە وئیمتیازاتەکانی فەرمانبەر و مووچەخۆران بە جۆرێک کە کەسانی شایستە مافەکانیان پارێزراو دەبێت .

چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و گشت کەرتەکان دەگرێتەوە. ئەم یاسایەش بەڵگەیەکی روونی دیکەیە لە سەر پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سنووردانان بۆ گەندەڵی و هەوڵدان بۆ بنبڕکردنی . هەروەها هەنگاوێکی گرنگیشە بەرەو حکومەتێکی مۆدێرن و شەفاف و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە بێ جیاوازی کە ئامانجی سەرەکی ئەم حکومەتەیە. 

مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/1/16

س.هـ