نەخۆشییەكی كوشندە بەرۆكی دانیشتوانی چین دەگرێت

تەندروستی

18/01/2020‌ 298 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسانی تەندروستی چین ئاشكرایانكرد، كە كەسێكی تر گیانی لەدەستداوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێكی نوێی هاوشێوەی سارس (ڤایرۆسی كۆرۆنا).

ئەو راگەیاندنەی وڵاتی چین لەكاتێكدایە، كە بەدەیان كەس لە چین تووشی نەخۆشییە نوێیە بڵاوبووەكە بوون و رۆژی 16ی جێنیوەری دۆخی مەترسیان لەچەند شارێك راگەیاند و چەند شوێنێكی گشتیش داخرا.

بەرپرسانی پزیشكی چین لەراگەیاندراوەكەیاندا ئاشكرایان كردووە، كە كەسێكی تەمەن 69 ساڵ تەنیا ناسنامەی خێزانەكەیان ئاشكراكردووە بەناوی شینگ، رۆژی 15ی جێنیوەری گیانی لەدەستداوە لە شاری ۆوهان لەناوەراستی كەرتی هێبی. 

بەرپرسان راشیانگەیاندووە، كە ئەو قوربانییە دوای گیانلەدەستدانی پیاوێكی دیكەی تەمەن 61 ساڵ دێت لە 9ی جێنیوەری بەهەمان فایرۆس و لە هەمان شار.

نەخۆشییە نوێیەكە بریتییە لە هەوكردنی توندی قوڕگ و دواتر پوكانەوەی گورچیلە و مردنی كەسەكە. 

زانایانی نوێی چین پێیانوایە ئەمە نەوەیەكی نوێی (سارس) ڤایرۆسی كۆرۆنا-یە، كە بۆ هەمان خێزانی ئەو ڤایرۆسە دەگەڕێتەوە و نەخۆشییەكی توندە و تووشی كۆئەندامی هەناسە دەبێت.

 هەروەها ڤایرۆسی كۆرۆنا مرۆڤ تووشی تا و كۆكە و پوكانەوەی گورچیلە دەكات، هەرچەندە زانایانی چین دڵنەواییان داوە بەخەڵكی چین، كە ئەم جۆرە وەك ڤایرۆسی كۆرۆنا بەربڵاونییە، چونكە سارس (ڤایرۆسی كۆرۆنا) لەساڵی 2002-2003 لە كۆی 8 هەزار حاڵەت 773یان مردن. وتیشیان:"تائێستا 41 حاڵەت لە ڤایرۆسە نوێیەكە دیاریكرداوە لە شاری ۆوهان كە گەورەترین شارە لەناوەڕاستی چین، لەوانەش 5 حاڵەتی ترسناك هەیەو دوانیش مردوون".

جگە لەبەرپرسانی تەندروستی هۆنگ كۆنگ ئامۆژگاری دا بەهاووڵاتیان سەردانی شاری ۆوهان نەكەن، سەنتەری پزیشكی ئەمریكاش بەڕەسمی داوای لە هاووڵاتیانی كرد، هەر هاووڵاتییەكی ئەمریكی سەردانی شاری ۆوهان-ی هەبێت گەشتەكەی هەڵوەشاوەتەوە، چونكە نەخۆشییەكە لە كەسێكەوە دەگوازرێتەوە بۆ كەسێكی تر.