شارپرێس:
زاناكان دەڵێن: پشكنینیان بۆ نەیزەكێك كردووە، كە لەساڵی ١٩٦٩ لە ئوسترالیا كەوتووەتە خوارەوە و تێیدا دەنكۆڵەی كانزایی زۆر وردیان دۆزیوەتەوە، كە كۆنترین ماددەی سەرزەوییە و تەمەنی نزیكەی ٧ ملیار ساڵ دەبێت .
بەگوێرەی رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"، لەو لێكۆلێنەوەیەی بڵاوكراوەتەوە زاناكان وتوویانە ئەو دەنكۆڵانە تەمەنیان لەتەمەنی زەوی و مانگ و هەموو سیستەمی كۆمەڵەی خۆر گەورەترە ، بەڵكو تەمەنی نیوەی تەمەنی گەردوونە .
نەیزەكی مۆرشیۆن لەساڵی ١٩٦٩ لەكێڵگەیەكی بەخێوكردنی ئاژەڵ لە ئوسترالیا كەوتە خوارەوە و جوتیاران پارچەكانیان كۆكردەوە و چەند كیلۆگرامێكیان بەزانكۆ و مۆزەخانەكان فرۆشت، بۆیە ئەوە یەكێكە لەو نەیزەكانەی زۆرترین لێكۆڵینەوەی لەسەر كراوە .
لەبەر ئەوەی پێكهاتەكەی جیاوازە لەو ماددانەی لە كۆمەڵەی خۆردا هەن لەبەر ئەوە نەیزەكەكە پێش درووستبوونی كۆمەڵەكە درووستبووە .
تیمی لێكۆڵینەوەكە بەشێك لە نەیزەكەكەیان خستە ناو جۆرێك ترشەوە بۆ ئەوەی بتوێتەوە، لەئەنجامدا هەموو بەشەكان توانەوە جگە لەو دەنكۆڵە كانزاییانە نەبێت، كە كانزایەكی رەقە و پێیدەوترێت "كریبید سیلیكۆن".
یەكێك لەو دەنكۆڵانەی پشكنینی بۆ كراوە تەمەنی ٧ ملیار ساڵە، بەوەش ٢،٥ ملیار ساڵ لە زەوی گەورەترە.
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی