چی پەیوەندییەك لەنێوان جگەرەكێشان و خەمۆكیدا هەیە؟

تەندروستی

18/01/2020‌ 220 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زاناكان راستییەكی نوێیان سەبارەت بە پەیوەندی نێوان جگەرە و خەمۆكی بۆ دەركەوتووە، بەجۆرێك جگە لە ئەو زیانانەی پێشتر ناسرابوون، كە لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیەتی دەركەوتووە كاریگەری نەرێنیش دەكاتە سەر تەندروستی دەروونی مرۆڤ .

ئەنجامی لێكۆلێنەوەیەكی نوێ، كە لە پێگەی پزیشكی "پڵەس وان "دا بڵاوكراوەتەوە، دەركەوتووە جگەرەكێشان هەست و كاردانەوە نەرێنییەكان دەوروژێنێت‌و ئاستی ئۆكسێنبوون لەخوێندا بەرزدەكاتەوە‌و راددەی ژەهراویبوون لەجەستە و مێشكدا زیاد دەكات، كە بەمە ژینگەیەكی لەبار بۆ نیشانەكانی خەمۆكی دەرەخسێنێت .

هەرچەندە ئەو ئەنجامەی لێكۆڵینەوەكە گەیشتوویەتێ ئەنجامی كۆتایی نییە، بەڵكو زاناكان داوایان كردووە لێكۆڵینەوەی زیاتر لەسەر كاریگەرییە نەرێنییەكانی جەگەرەكێشان لەسەر تەندروستی دەروونی مرۆڤ بكرێن .

كەسانی جگەرەكێش پێیان وایە جگەرە دڵخۆشیان دەكات، بۆیە زۆرینەی كات لەكاتی بوونی خەم و خەفەتدا زیاتر پەنای بۆدەبەن ، بەڵام راستییەكە بەو جۆرە نییە.

ئەو ئەنجامانەی لێكۆڵینەوەكە پێیگەیشتووە تازە نین، بەڵكو لەساڵی ٢٠١٨ لێكۆڵینەوەیەكی نوێی زانكۆی "ئۆتاگۆ" لەنیوزلەندا، كە لەسەر هەزار جگەرەكێش كرا، لەئەنجامدا دەركەوت ئەوكەسانەی گیروگرفتی رۆژانەیان هەیە جگەرە بەرەو خەمۆكیان دەبات .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی