بەرهەم ساڵح: عێراق نابێتە گۆڕەپانی جەنگ و شوێنی لێدان لە دراوسێكان

عیراق

18/01/2020‌ 445 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
سەرۆك كۆماری عیراق بە وەزیری دەرەوەی ئوردنی راگەیاندووە عیراق نابێتە گۆڕەپانی جەنگ و شوێنی هێرشكردنە سەر دراوسێكانی عێراق.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك كۆماری عێراق، به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ٢٠٢٠/١/١٨ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە وەزیری دەرەوەو کاروباری تاراوگەی ئوردن ئەیمن سەفدی و شاندی یاوەری و سەبارەت بە دواپێشهاتەکانی ناوچەکەو جیهان و پرسە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات گفتوگۆکرا.

ئاماژەبەوەشدراوە، لە دیدارەکەدا وەزیری دەرەوەی ئوردن، رێز و سڵاوی شاعەبدوڵای دووەم-ی گەیاندە سەرۆک کۆمار، ھاوکات پشتیوانی وڵاتەی بۆ ئاسایش و سەقامگیری عێراق وەک بنەمای راگری ئارامی لەناوچەکەدا دووپاتکردەوە، ھەروەھا پەیامی شاعەبدوڵای گەیاند بۆ پرسینی ھەواڵی تەندروستی سەماحەتی سەید سیستانی و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ خواست.

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكە هاتووە، : لەدیدارەکەدا  سەرۆككۆمار جەختی لە پێویستی بەرجەستەکردنی بنەماکانی ئاشتی و سەقامگیری و دورخستنەوەی جەنگ و ناکۆکییەکان لە ناوچەکەدا کردەوە، کە دەبێتە هۆی لاوازکردنی توانا مرۆیی و مادییەکان، هاوکات تەئکیدی لە پەنابردنە بەر زمانی گفتوگۆی راستەقینەو روون و ئاشکرا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان کردەوە.

هەروەها  سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد کە عێراق هەرگیز نابێتە پێگەیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ یان گۆڕەپانێک بۆ یەک لاییکردنەوەی بەرژەوەندیەکان، و هەوڵیش دەدات ببێتە فاکتەرێکی گرنگ بۆ کۆکردنەوەی برایان و دۆستان، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات، ھاوکات ببێتە هۆکاری بەهێزکردنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە و جیهاندا. 

ئەوەشخراوەتەڕوو، هەر لەدیدارەکەدا بەرهەم ساڵح، تیشکی خستە سەر گرنگی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئوردن و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری بەجۆرێک کە ببێتە هۆکاری کەمکردنەوەی ئاستەنگە ئابوورییەکان.

بەپەلە