به‌رهه‌م ساڵح و مایك پۆمپیۆ په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیان ئه‌نجامدا

عیراق

18/01/2020‌ 395 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سه‌رۆك كۆماری عێراق و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیان ئه‌نجامدا و له‌باره‌ی كاره‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شه‌ڕی دژی داعش گفتوگۆیان كرد.

مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاویكرده‌وه‌،  ئه‌مڕۆ جارێكی دیكه‌ په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق ئه‌نجامداوه‌ و باسیان له‌ گرنگی رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كردووه‌ له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا.

ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌ به‌رهه‌م ساڵح و مایك پۆمپیۆ له‌كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ کەناڵی CBS Newsی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بڕیارە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشداری لە کۆنگرەی لوتکەی ئابوری جیهان لە داڤۆس لە سویسرا بکات لەگەڵ چەند سەرکردیەکی وڵاتانی جیهاندا لەنێوانیشیاندا بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق كۆببێته‌وه‌.

بڕیاره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ و به‌رهه‌م ساڵح باس له‌ پرسی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ خاكی عێراقدا بكرێت، كه‌ 5ی ئه‌م مانگه‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاره‌ شیعه‌كان بڕیاره‌كه‌ی په‌سه‌ندكرد.