پاپا بۆیەكەمجار ژنێك لەئەمینداری دەوڵەتی ڤاتیكان دادەمەزرێنێت

هەمەڕەنگ

19/01/2020‌ 254 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پاپا فرەنسیسی پاپای ڤاتیكان بۆیەكەمجار لەمێژوودا ئافرەتێكی بۆ بەڕێوەبردنی پۆستێكی ئیداری لەناو ئەمینداری دەوڵەتی ڤاتیكان دامەزراند، كە یەكێكە لە گرنگترین دامەزراوەكانی ئەو وڵاتە .

پێگەی "هەواڵەكانی ڤاتیكان" رایگەیاندووە، پاپا فرانسیس، پارێزەری ئیتالی فرانشیسكا دی جیۆڤانی (٦٦ ساڵ)ی لەپۆستی بریكاری كاروبارە فرە لایەنەكان لەناو ئەمینداری دەوڵەتی ڤاتیكان دامەزراندووە .

بەگوێرەی ئەو پۆستە فرانشیسكا بەرپرسە لەئیدارەكردنی هۆبەی هەماهەنگی پەیوەندییەكانی ڤاتیكان لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە حكومییە نێودەوڵەتییەكان .

پێشتر چەندین جار پاپا داوای ئەوەی كردووە، كە ژنان لەناو ئیدارەی دەوڵەتی ڤاتیكان و كڵێسای كاسۆلیكی بەگشتی رۆڵیان پێبدرێت، لەگەڵ ئەوەی هیچ ئافرەتێك سەرۆكایەتی هیچ نووسینگەیەكی ڤاتیكان ناكات .

لای خۆیەوە دی جیۆڤانی بە میدیاكانی ناو ڤاتیكانی رایگەیاندووە، دامەزراندنی ئەو نیشانەی گرنگیدانی پاپایە بە ژنان و هیواشی خواستووە بتوانێت لەو پۆستەدا رۆڵێكی ئیجابی بگێڕێت .

ئەمینداری دەوڵەتی ڤاتیكان بەهێزترین نووسینگەی ناو ڤاتیكانە، بەشێوەیەك ئەركی ڕێكخستنی كاروبارە ناوخۆییەكان و پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی ڤاتیكان لەگەڵ وڵاتانی تر ڕێكدەخات .

وەرگێران : ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی