سەرەڕای سوودە زۆرەكانی هۆشداری لەزۆر خواردنی چەرەسات دەدرێت

تەندروستی

19/01/2020‌ 1103 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خواردنی چەرساتی وەك فستق و كەستانە (بندق) سوود و كەڵكێكی زۆری هەیە، بەشێوەیەك هەندێكیان بەهۆی ئەو ڤیتامین و كانزایانەی تێیاندایە یارمەتی دابەزاندنی كێش دەدەن‌و ڕێگری دەكەن لە تووشبوون بە شێرپەنجە.

تەنانەت گۆڤاری "هیومان ئاند هێڵس ریسێرچ" ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، چەرەساتەكان چەوری تێریشیان تێدایە، كە بەرەنگاری نەخۆشییەكانی دڵ دەبنەوە و كۆلیسترۆڵی ناو خوێن كەمدەكەنەوە.

گۆڤارەكە بڵاویكردەوە، كە زیادەرەویكردن لەهەر شتێكدا زیانی هەیە، چەندین لێكۆڵینەوەش ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە خواردنی چەرەساتەكان یارمەتی دابەزاندنی كێش دەدات بەو مەرجەی بەبڕێكی دیاریكراو بخورێت و لەگەڵیدا پەیرەوی لەسیستەمێكی خۆراكی تەندروست بكرێت و راهێنانی وەرزشی و جەستەییشی لەگەڵ بێت .

چەرەساتی نوێ و بێ خوێ یارمەتی دابەزاندنی كۆلیسترۆڵ دەدات، بەڵام زیادەرەویكردن لە خواردنی چەرەساتی خوێدار ناتەندروستە و كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر پەستانی خوێن و بەرزی دەكاتەوە .

هەندێك چەرەسات كاریگەری نەرێنی لەسەر سیستەمی هەرس هەیە، بەشێوەیەك ئەو چەوری و ریشاڵەی تێیدایە دەبێتە هۆی سكچوون‌و سكهەڵاوسان و كۆبوونەوەی غازات .

لەهەندێك حاڵەتیشدا گەدەی مرۆڤ توانای ئەوەی نییە ئەو رەگەزە خۆراكییانە هەڵبمژێت، كە تێیدایە، چونكە گەدەی مرۆڤ ناتوانێت هەرسی بكات .

وەرگێران : ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی