سەرنووسەری ماڵپەڕی پەرەگراف لەسەر سکاڵای بەرپرسێک دەستبەسەرکرا

کوردستان

19/01/2020‌ 935 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
سەرنوسەرى ماڵپەڕى پەڕەگراف لەسەر سکاڵایەکى جێگرى پیشووى پەرلەمانى عێراق دەست بەسەرکرا.


ماڵپەڕى پەڕەگراف کە سورکێو محەمەد سەرنوسەریەتى سەر لەبەیانى ئەمڕۆ لەبنکەى پۆلیسى ئەزمەڕ  لە شارى سلێمانى لەسەر سکاڵاى ئارام شێخ محەمەد جێگرى پیشووى پەرلەمانى  دەستبەسەرکراوە.


ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوە دووەم سکاڵای یاساییە لە ماوەی ھەفتەیەکدا لەسەر سەرنوسەری ئەو ماڵپەڕە تۆمار دەکرێت، سکاڵا نوێیەکە بە یاسای سزادانی عێراقی تۆمار کراوە و پەرەگراف داوا دەکات دۆسیەکە بە یاسای ڕۆژنامەگەریی بەڕێوە بچێت.


رۆژى چوار شەممەى رابردوو لەسەر سکاڵایەکى دیکەى هەمان بەرپرس سەرنوسەرى ئەو ماڵپەڕە لەبەردەم دادوەر ئامادە بووەو دواتر بە کەفالەت ئازاد کراوە.


هەردوو سکاڵایەکەى ئارام شێخ محەمەد لەسەر سەرنوسەرى پەرەگراف لەسەر راپۆرتێکى رۆژنامەوانى ماڵپەرەکە بووە کە لەسەر نەگەڕاندنەوەى موڵک و ماڵى گشتى حکومەت لەلایەن ئەو بەرپرسەوە تۆمار کراون.
س.هـ