پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی لەسەر هۆكاری گیان لەدەستدانی پێشمەرگەكەی یەكێتی پێكهێنا

کوردستان

19/01/2020‌ 537 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 

لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی لەسەر رووداوی گیان لەدەستدانی پێشمەرگەكەی یەكێتی لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر پێكهێنا. 

لەراگەیەندراوێكدا كە پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردووەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە،  لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی پێشمەرگە بڕیاریارراوە  بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیان لەدەستدانی "مه‌جید هه‌روتی" پێشمەرگە لە لیوای سێی تایبەت، کە  دوای سێ رۆژ مانه‌وه‌ی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایشی هه‌ولێر به‌ خنكاوی دۆزرایه‌وه‌.

هەروەها ئاماژە بەوەدراوە،  ئه‌مڕۆ یەکشەممە لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی رێڤینگ هروری سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بونی  ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبوەتەوە و تاوتوێی پرسی گیان له‌ده‌ستدانی هاوڵاتی (مه‌جید هه‌روتی) کراوە".
 
باسلەوەشكراوە "بڕیاردرا لیژنه‌یه‌ك پێكبهێنرێت كه‌ بێلایه‌نانه‌ به‌دواداچون بۆ بابه‌ته‌كه‌ بكات و به‌پێی به‌ڵگه‌كان راپۆرتی خۆی له‌ڕێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بكات".
 
لیژنەی پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئەوەشی خستوەتەڕوو، "هه‌ر له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا به‌پێویست زانرا كه‌ حزبه‌كان له‌كاتی رودانی ئه‌و جۆره‌ حاڵه‌تانه‌ رێگه‌ به‌كادرو به‌رپرسه‌كانیان نه‌ده‌ن به‌بێ ئاگاداریی ئه‌وان لێدوانی ناڕاست له‌ راگه‌یاندن بڵاو بكه‌نه‌وه‌".
 
ئەوەش دوای ئەوەدێت، لە 16 ی ئەم مانگە لە زیندانی  بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر (مه‌جید هه‌روتی) پێشمەرگە لە لیوای سێی تایبەتی هێزی پێشمەرگە گیانی لەدەستدا و بە گوێرەی راگەیەنراوی ئاسایشی هەولێر ناوبراو "خۆی خنکاندوە".

هاوكات  دواتریش کەسوکاری ئەو پێشمەرگەیە داوایان کرد تەرمی ناوبراو رەوانەی پەیمانگای پزیشیکی سلێمانی بکرێت، بە ئامانجی توێکاری بۆ تەرمەکەی.