سعودییە چیتر كۆمەكی دارایی پێشكەش بەمزگەوت‌و ناوەندە ئیسلامییەكانی دەرەوەی وڵات ناكات

لە میدیاکانەوە

23/01/2020‌ 621 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
سەرۆكی رابیتەی زانكۆ ئیسلامییەكان‌و ئەمینداری گشتی رابیتەی جیهانی ئیسلامی رایگەیاند، سعودییە چیتر لەدەرەوەی سنوورەكانی هیچ مزگەوت و ناوەندێكی ئیسلامی ئیدارە ناكات و پارەشیان بۆ تەرخان ناكات .

محەمەد عیسا بەرۆژنامەی "لۆماتان دیمانش"ی سویسری راگەیاندووە، كە كاتی ئەوە هاتووە ئیدارەی مزگەوتی جنێڤ و ئەنجوومەنی ئیدارەی سویسرا رادەستی نوێنەری مسوڵمانانی ناوچەكە بكرێت، بەو واتای دامەزراوەی رۆشنبیری لەجنێڤ، كە لەساڵی ١٩٧٨ و لەكاتی دامەزراندییەوە كاروباری مزگەوتەكەی بەڕێوەبردووە لەو ئەركە دەكشێتەوە .

ئەمینداری رابیتەی جیهانی ئیسلامی راشیگەیاندووە، چیتر پاڵپشتی دارایی مزگەوتەكە ناكەین، كە دەكرێت قەرەبووی ئەو پارەداركردنەی سعودییە لەڕێگای بەشداری و كۆمەكی نوێژخوێنان و یارمەتی تایبەتەوە بكرێت .

ئەو بڕیارە هەر پەیوەست نییە بە مزگەوتی جنێڤ، بەڵكو لەهەموو وڵاتانی تری جیهان هەمان بەهەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارە ناوخۆییەكان هەنگاو دەنرێت، بەقسەی عیسا ئەو بڕیارە بەتایبەتی لەبەر هۆكاری ئەمنی دراوە، كە دەبێت ئەو مزگەوتانە لەدەستێكی ئەمیندابن، دواتریش سعودییە جاریكی تر دەستتێوەردان لەكاروبارەكانیاندا ناكاتەوە .

هاوكات لەگەڵ ئەو بڕیارە، رۆژنامەی "لۆبوان"ی فەرەنسی پرسیاری ئەوەی كردووە، كە لەمەودوا رەوەندی ئیسلامی چۆن كاروباریان بەڕێوە دەبن، بەتایبەت ئەو بڕیارە بۆ ئەوان لەناكاو بووە و پێشتر ئاگاداری هەگاوێكی لەو جۆرە نەبوون، بەتایبەت هەندێك وڵاتی سیكۆلاری وەك فەرەنسا هیچ دەستتێوەردانێك لە كاروباری ناوەندە ئاینی و خواپەرستییەكاندا ناكات .

لەو بارەوە قسەكەری فەرمی مزگەوتی گەورەی پاریس دەڵێت: ئەو هەواڵە لەیەككاتدا هەم خۆشە و هەم ناخۆش، پێشتر زۆر تێكۆشاوین بۆ ئەوەی ئەو مزگەوتە سەربەخۆیی لەدەسەڵاتی سعودییە وەربگرێت، بەڵام بەداخەوە ئەوە بێ هیچ راوێژێك لەگەڵ رەوەندی مسوڵمان دراوە، چۆن بتوانین لەنێوان شەو و رۆژێكدا كاروباری خۆمان بەڕێوە بەرین و پشت بەخۆمان ببەستین؟

رۆژنامە فەرەنسییەكە پرسیاری ئەوەی كردووە، كە هەر بۆ نموونە لەمزگەوتی جنێڤ ١٧ كەس كاری تێدا دەكەن، جگە لە هۆڵی نوێژكردن، هۆڵی كۆنگرەكان و نووسینگە و قوتابخانەیەك بۆ فێربوونی زمانی عەرەبی و زانستەكانی قورئان‌و هۆڵێك بۆ جەژن و خۆشییەكان و هۆڵێكی وەرزشی تێدایە، ئەوە جگە لە یانەیەكی ژنان و كچان و گەنجان، كێ دەتوانێت لەپڕ پارە بۆ هەموو ئەوانە تەرخان بكات.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی