دەستوەردان لەسوریا.. توركیا لە بەردەم دوو بژاردەی دۆڕان‌و پشێویدا

ڕاپۆرت

08/02/2020‌ 2322 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
 ڕۆژی هەینی سوپای توركیا ڕایگەیاند، نیازی نییە لە خاڵەكانی چاودێری لە ئیدلب بكشێتەوە، ئەمەش‌ دوای ئەوەی میلیشیا پاشكۆكانی لە سەڕاقب شكستیانهێنا، ئەمەش لە كاتێكدایە، كە لەوانەیە ڕۆژی شەممە شاندێكی ڕوسیا، بۆ تاوتوێكردنی دوا پەرەسەندنە مەیدانییەكانی ئیدلب، ‌سەردانی ئەنقەرە بكات.

سەرباری ئەوەش، كە لەم دواییانەدا هێزەكانی حكومەتی سوریا چەند سەركەوتنێكی گرنگی مەیدانیان لەسەر هەگبەو كەوڵی گروپە چەكدارە توندڕەووەكان بەدەستهێنا، كەچی هێشتا ئەنقەرە مكوڕە لەدەستوەردان لە كاروباری سوریا. 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا هۆشداری ئەوەی دایە حكومەتی سوریا، بەوەی هەر هێرشێكی تازەیان لێكەوتی جۆراوجۆری لێدەكەونەوە، داواشیكرد هێزەكانی حكومەتی سوریا بكشێنەوە شوێنەكانی پێشوویان، لەو شوێنانەش‌ دووركەونەوە، كە خاڵەكانی چاودێری توركیای لێ جێگیر كراون‌.

هیچ مەزەندەیە‌كی ورد لەگۆڕی نییە سەبارەت بە هێزەكانی توركیا لەسوریا، بە تایبەتیش لەزۆر شوێنەوە سنووری سوریا بە ڕووی سوپای توركیادا كراوەیە، بۆیە كاروانە سەربازییەكانی توركیا بە بەردەوامی دێنە ناو سوریاوە، ئەمەش لە ڕێگەی خاڵەكانی پشكنینی‌ توركیا‌وە كە خراونە خزمەت لایەنە سورییە چەكدارەكان، كە سەر بە دەزگای هەواڵگری توركیان. توركیا لە ساڵی 2017 لە چوارچێوەی چەند ڕێككەوتننامەیەك لەگەڵ ڕوسیا و ئێران لە ئاستانە ئەو خاڵی چاودێرییانەی لە سوریا جێگیر كردوون.

توركیا بێڕەزامەندی لایەنە چەكدارەكانی ئیدلب (دەستەی ڕزگاركردنی شام، كە پێشتر بەرەی نوسڕە بوو)، نەیدەتوانی ئەو خاڵی چاودێرییانە دروست بكات، لەو كاتەی ئەفسەرە توركەكان ئەو خاڵانەیان دروست دەكرد، چەكدارەكانی بەرەی ڕزگاركردنی شام دەیانپاراستن.

هێرشە سەربازییەكەی 5 شەممەی حكومەتی سوریا بۆ سەر ناوچەكانی شاری ئیدلب، دۆخی سەربازی توركیای سەخت و دژوار كردووە لە بەرەنگاربوونەوەی هێرشەكان، لێرەدا ئەردۆغان لەبەردەم دوو بژاردە دایە، یان بەڵێن دەدات هێزی سەربازی زیاتر بنێرێت و بەمەش شەڕ بەدەوام دەبێت، یان هیچ نەكات و دۆڕان قبوڵ دەكات و دان بەسەركەوتنی هێزەكانی ئەسەد و هاوپەیمانەكانیدا دەنێت، كە لەوانەیە ببێتە هۆی ئاوارەبوونی ملیونەها كەس بەرەو سنورەكانی توركیا.

دیارە، كە بژاردەی دیكە بەردەستنین، چونكە 12 خاڵەكانی پشكنینی سوپای توركیا، كە لە ساڵی 2018 لەگەڵ ڕوسیادا لەسەریان ڕێككەوتووە، بە هیچ جۆرێك سوریا و هاوپەیمانەكانی دەمكوت ناكەن. 

ئەسەد هێشتا شێلگیرە لەوەی دەست بەسەر پارێزگای ئیدلبدا بگرێتەوه كە هێشتا لە باكوری رۆژهەڵاتی وڵات لە بندەستی هێزە چەكدارە پاشكۆكانی‌ توركیادایە.

چاودێران دەڵێن ئەگەر سوپای توركیا هەروەك لە عەفرین و حەلەب لە باكوری سوریا كردی، بە قەبارەیەكی گەورەوە نەچێتە ناو شاری ئیدلب و چەند شوێنێكی بۆ خۆی دانەبڕیت، ئەوە ئەسەد دەسەڵات بەسەر ناوچەكەدا دەگرێت و باجە مرۆیەكەشی لە خوێن و وێرانكاریدا كارەساتبار دەبێت.

توركیا بە شێوەیەیەكی ڕاستەوخۆ كاریگەری ئەو سەركەوتنانەی سوریای دەكەوێتەسەر، چونكە فلادیمیر پۆتینی سەرۆكی ڕوسیا، دەتوانی بۆ ماوەیەیكی كورتمەودا، چەند چارەسەرێك پێشكەش بكات، بەڵام ئەو چارەسەرانە ئەردۆغان لەو پشێوی و تەنگوچەڵەمانەی دەرباز ناكات كە تێیكەوتووە.

كەریم هاسی شارەزا لە كاروباری ڕوسیا دەڵێت: كەوتنی ئیدلب یەكلایی بۆتەوە، دوای ئیدلبیش سەرەی عەفرین دێت. هەر كاتێكیش‌ ڕوسیا لە عەفرین بواری ئاسمانی بە ڕووی توركیادا دابخات، ئەوا بێ سێ و دوو هاوسەنگی هێز دەگۆڕێت.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر