لەئیسرائیل بەتەكنیكێكی نوێ چارەسەری شیرپەنجەی مێشك دەكرێت

تەندروستی

09/02/2020‌ 799 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بۆیەكەمجار لە ئیسرائیل بەسەركەوتوویی نەشتەرگەری لابردنی لوویەكی شێرپەنجەییان لەمێشكی نەخۆشێك لەڕێگای بەكارهێنانی لێزەرەوە ئەنجامدا بێئەوەی خانە ساغەكانی دەوروبەری خانە تووشبووەكان زیانیان بەربكەوێت.

بەگوێرەی دەزگاكانی راگەیاندنی ئیسرائیل، ئەو نەشتەرگەرییە بۆ یەهودا هابیری ئیسرائیلی تەمەنی ٥٩ ساڵە كراوە، ئەویش دوای تووشبوونی بە لوویەكی شیرپەنجەیی لەمێشكیدا بەجۆرێك ژیانی خستبووە مەترسییەوە .

دكتۆرە راحیلی گروسمان پزیشك لە بەشی نەشتەرگەری دەمارەكان لەنەخۆشخانەی ئیخیلۆڤ دەڵێت: لە نەشتەرگەرییەكەدا و لەڕێگای  لیزەرەوە لووە شێرپەنجەییەكەمان سووتاند، ئەویش بە بەكارهێنانی ئامێری لەرەلەری موگناتیسی MRI .

پزیشكەكان لەڕێگای ئەو تەكنیكە نوێیەوە توانیویانە چاودێری پلەی گەرمی تیشكی لێزەرەكە بكەن و بەوردی خانە تووشبووەكان بپێكن‌و نەهیڵن خانە ساغەكان زیانیان بەربكەوێت .

پرۆفیسۆر تفیكا رام بەڕێوەبەری بەشی نەشتەرگەری دەمارەكان لەنەخۆشخانەكە وتی: ئەو تەكنیكە نوێیە چارەسەرێكی گرنگە بەدەستی پزیشكەكانەوە بۆ چارەسەركردنی گەلێك لە نەخۆشییەكانی مێشك لەوانە فێگرتن و باكنستۆن، جەختیشی كردۆتەوە كە چارەسەرە نوێكە لە ئیسرائیل بۆ هەموو نەخۆشێك بەردەستە . 

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی