دوای ١٦٠ ساڵ.. پنتاگۆن رۆژنامە كاغەزییەكەی رادەگرێت

هەمەڕەنگ

13/02/2020‌ 597 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
دوای نزیكەی ١٦٠ ساڵ لەدەرچوونی، وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا "پنتاگۆن" بەهۆی كەمكردنەوەی خەرجییەكان و بڵاوبوونەوەی ئینتەرنێت بڕیاریدا ڤێرژنی كاغەزی رۆژنامە رۆژانەییەكەی سەر بەوەزارەتەكە دابخات .

پنتاگۆن رایگەیاندووە، دەیەوێت كۆپی چاپكراوی رۆژنامەی "  Stars and Stripes " دابخات، كە یەكەم ژمارەی لەساڵی ١٨٦١ و لەماوەی جەنگی ناوخۆیی ئەمەریكدا چاپكراوە .

لەو بارەیەوە ئیلاین مكاسكەر بەڕێوەبەری دارایی پنتاگۆن لەمیانی خستنەڕووی بودجەی ساڵی ٢٠٢١ وتی: گەیشتینە ئەو ئەنجامەی، كە رۆژنامەی كاغەزی چیتر ئەو ڕێگایە نەبێت، كە لەڕێگایەوە پەیامەكان بگەیەنین.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس رۆژنامە رۆژانەییەكەی سەر بە پنتاگۆن، كە تایبەتە بە كاروباری سەربازی و لەلایەن پنتاگۆنەوە پشتیوانی دارایی دەكرێت، بەڵام لە بڵاوكردنەوەی بابەتەكانیدا تاڕاددەیەك هێڵێكی سەربەخۆی گرتووە.

رۆژنامەكە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بەرگری لەسەربەخۆیی نووسینی خۆی كردووەو رایگەیاندووە، ئەركی  Stars and Stripes گەیاندنی پەیامی وەزارەتی بەرگری و سەركردایەتی سوپای ئەمەریكا نییە، بەڵكو بڵاوكراوەیەكی سەربەخۆیە لەخزمەتكردنی هێزە چەكدارەكانیئەمەریكا.

هەر بەگوێرەی فرانس پرێس ، ڤێرژنی كاغەزی " ستارز ئاند سترایبپس" لەچەند وڵاتێكی جیهان دەردەچێت، كە ئەمەریكا بنكەی سەربازی گرنگی لێ هەیە وەك ژاپۆن و كۆریای باشوور و ئەڵمانیا و ئیتالیا، رۆژانەش ١٢ هەزار دانەی بەسەر ئەو بنكانەدا دابەشكراوە، بەتایبەت لەو جێگایانەی دەستراگەیشتن بەئینتەرنێت قورسە یاخود لەبەر هۆكاری ئەمنی قەدەغەیە .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی