پارێزگارى سلێمانى داواى جێبەجێکردنى پڕۆژەکانى تریش لە حکومەت دەکات

کوردستان

13/02/2020‌ 913 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارێزگارى سلێمانى لەسەر بڕیارى دەستپێکردنەوەى پڕۆژەى شەقامى سەد مەتری سلێمانى ستایشى سەرۆکى حکومەت دەکات و داواى جێبەجێکردنى چەند پڕۆژەکانى تری شارەکە دەکات.


 هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى لە راگەیەنراوێکدا لەدواى بریارەکەى حکومەت بۆ دەستپیکردنەوەى  پرۆژەى شەقامى ١٠٠ مەتری رایگەیاند" سوپاسى هەموو ئەو دڵسۆزانەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا پشتیوانی پارێزگاری سلێمانی بوون بۆئەوەی ئەم پڕۆژەیە لە بەڵێنەوە ببێتە بڕیارو پڕۆژەی جێبەجێکردن دەکەین".


ڕاگەیەندراوێک لە پارێزگای سلێمانییەوە
دوای ڕاگەیاندنی ڕەزامەندیی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر پڕۆژەی شەقامی سەد مەتری سلێمانی، بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ سوپاسی هیممەت و پشوودرێژیی خەڵکی جوامێری پارێزگاکەمان و، بڕیاری بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و، هەوڵەکانی بەڕێزان سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرانی شارەوانی و دارایی و پلاندانان و ئاوەدانکردنەوە (لە هەردوو کابینەی ئێستاو پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان)و، لیژنەی باڵای پێداچوونەوەی پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئەنجومەنی وەزیران و، پارێزگای سلێمانی و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی و بۆردی سەرپەرشتیکردنی شەقامی سەد مەتری و هەموو ئەو دڵسۆزانەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا پشتیوانی پارێزگاری سلێمانی بوون بۆئەوەی ئەم پڕۆژەیە لە بەڵێنەوە ببێتە بڕیارو پڕۆژەی جێبەجێکردن دەکەین.
چاودێرو چاوەڕوانین، گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان، وەک لە ڕاگەیاندراوەکەیاندا هاتووە، بەشێوەیەکی شیاوو شایستە ئەم پڕۆژە ستراتیژییە نیشتمانییە بە کات و کوالێتی خۆی جێبەجێ بکەن.
ئومێد دەکەین بە هیممەت و هەوڵی هەموو لایەک، پڕۆژەکان بخرێنەوە سەرپێی خۆیان و لەگەڵ دەستکردن بە جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی سەد مەتریدا، کاری پێویست بۆ قۆناغەکانی تری پڕۆژەکەش بکرێت، تەریب لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەدا؛ پڕۆژەی ئەندەرپاسەکانی سلێمانی و بەنداوی چەق چەق تەواو بکرێن و، پڕۆژەی بەنداوی خێوەتە لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت.

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی

س.هـ