ئەردۆغان ئارامگری روسیا تاقیدەكاتەوە

لە میدیاکانەوە

16/02/2020‌ 1286 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەژێر ئەو ناونیشانەی سەرەوە دانیلا مۆیسییڤ و گینادی بیترۆڤ لە رۆژنامەی "نیزاڤیسیمایا گازێتا" بابەتێكیان نووسیوە لەسەر پەرچەكردرای ئەردۆغان لەسەر ئەو رووداوانەی ئێستا لە پارێزگای ئیدلبی سوریا روودەدات و هیواخواستنی بەوەی روسیا لەو پرسەدا هەڵوێستێكی نەرمتر پیشان بدات.

لەبابەتەكەدا هاتووە، خەلووسی ئاكاری وەزیری بەرگری توركیا رایگەیاندووە، كە وڵاتەكەی هێزی زیاتر رەوانەی سوریا دەكات، لەئێستادا ئەو پارێزگا سورییە بۆتە شانۆی بەیەكدادانی هێزەكانی توركیا و هێزە سورییەكان.

لای خۆیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا ئامادەیی خۆی پیشانداوە بەوەی ئەگەر دۆخەكە بەو جۆرە بڕواتە پێشەوە ڕێكەوتننامەكانی سوچی پشتگوێ بخات، كە باس لە دروستكردنی ناوچەی لەچەك داماڵراو لە ئیدلب دەكات . 

هەر لەبابەتەكەدا هاتووە، رەنگە توركیا دڵی بە لێدوانی بەرپرسانی واشنتۆن خۆش بێت، كە ئامادەیی خۆیان بۆ پشتیوانی ئەنقەرە دەربڕیوە، لەم رۆژانەی رابردوودا جەیمس جێفری نێردەی ئەمەریكا بۆ سوریا سەردانی توركیای كرد و متمانەی خۆی دەربڕی بەوەی هەردوو وڵات بتوانن بەشێوازی دیبلۆماسی ناكۆكییەكانیان بەلاوە بنێن، هەروەك لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی "ئێن تی ڤی" توركی ئامادەیی واشنتۆنی دەربڕی بەوەی هاوكاری هەواڵگری پێشكەشی ئەنقەرە بكات و كەلوپەلی سەربازی پێبدات.

لەوچوارچێوەیەدا مەولوود چاویش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، لەچەند رۆژی داهاتوودا نوێنەری وەزارەتی دەرەوە و بەرگری و هەواڵگری نیشتمانی توركیا سەردانی روسیا دەكەن بۆ ئەوەی لەبارەی دۆخی ئیدلبەوە گفتوگۆ بكەن.

سەبارەرەت بەو بابەتە ئەندریە چۆبریگین گەورە وانەبێژ لەقوتابانەی رۆژهەڵاتناسی لە كۆلێژی ئابووری جیهانی و سیاسەت بە "نیزاڤیسیمایا گازێتا"ی وتووە: ئەنقەرە چاوەڕێی ئەوە لە مۆسكۆ دەكات لە لەبارەی دۆخی ئیدلبەوە هەڵوێستێكی توند وەرنەگرێت. 

هەروەها وتی: بەڕای من هەڵسوكەوتەكانی توركیا لە ئیدلب پەرچەكرداری شكستەكانی ئەردۆغانە لەناوچەكانی تردا، وەك لیبیا، چارەسەركردنی پرسی ئاوارە سورییەكان لەناوخۆی توركیادا، پێشتر ئەردۆغان لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا  بەڵێنی زۆریداون، بەڵام جگە لەبەشێكی كەمیان هیچی جێبەجێ نەكردوون. 

هاوكات ئەردۆغان بەڵێنی ئەوەیدا، كە دوای داگیركردنی رۆژئاوای كوردستان سەرجەم ئاوارەكان دەگوازێتەوە بۆ ئەو ناوچە ئارامەی لەو ناوچەیە دروستی دەكات، بەڵام هەر لەسەرەتاوە دیار بوو، كە ئەوە شتێكی كردەیی نەبوو، بۆیە ئێستا دەیەوێت لای دەنگدەری تورك خەڵكی تر تۆمەتبار بكات بەوەی نەیتوانیوە بەڵێنەكانی بەرێتە سەر.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی