ڕوسیا بۆ سوتاندنی كارتەكانی توركیا لەئیدلب یاری لەسەر كات دەكات

مەلەفی تایبەت

16/02/2020‌ 2301 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا، چاوەڕێی جوڵەیەكی هێوركردنەوەی فلادیمیر پۆتینی سەرۆكی ڕوسیایە لەسوریا، كە بەر بەپێشڕەوی هێزە هاوبەشەكەی ڕوسیاو سوریا بگرێت لەئیدلب، تا ئەردۆغان ئاهێكی بێتەوەبەرو چی دیكە شەرمەزار نەبێت، چونكە لێدوانەكانی لەگۆڕەپانی كاردا، بێ كاریگەری بوون، ئەنقەرەش لەبەرانبەر هەژموونی ڕوسیادا، هیچ كارتێكی ئەوتۆی بەدەستەوە نییە.

لەكاتێكدا ئەردۆغان بۆ دەربازبوون لەو دۆخە ناهەموارەی تێیكەوتووە، چاوەڕێی چڵەپووشەكەی ڕوسیایە، تەنانەت ئەگەر بە لێدوان، یان چاوپێكەوتنێكیش بێت، بەڵام لە بنەچەدا، دانی بەوەشداناوە،‌ كە دۆخە سەربازییەكە لە بەرژەوەندی ئەو نییە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی خاڵەكانی چاوێری توركیا، لە لایەن سوپای سوریاوە گەمارۆدران.

ئەردۆغان ڕۆژانە ئەو قسانەی خوارەوە سەبارەت بە تەنگژەی سوریا دووبارە دەكاتەوە، ڕژیمی سوریا دەستیكردووە بە گەمارۆدانی خاڵە چاودێرییەكانمان لەئیدلب، ئێمە ناتوانین لەوە بێدەنگ بین، ئەوەی پێویست بێت دەیكەین.

ئەردۆغان دانی بەوەشداناوە، كە ڕوسیا جڵەوی لیبیای بەدەستەوەیە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پشتیوانی مۆسكۆ لەسوپای نیشتمانی لیبیا بە فەرماندەیی خەلیفە حەفتەر.

ئەردۆغان بۆ دەربازبوون لە فشارەكانی ڕوسیا، هانای بۆ دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بردووە، سەرباری لێدوانە پشتیوانییەكانی ئەمریكا بۆ توركیا، بەڵام چاودێران پێیان وایە،‌ واشنتۆن هەڵوێستەكانی ئەردۆغانی بیرناچێتەوە، لەوەی لەكڕینی كۆسیستەمی موشەكی بەرگری ڕوسی ئێس – 400دا، هەڵوێستی واشنتۆنی لەبەرچاو نەگرت.

چاودێرە ڕوسەكان دەڵێن: كرملین بە باشی یاری لەسەر پەتی كات دەكات، لەلایەك دڵی ئەردۆغان دەداتەوە، تا توركیا سەركێشییەكی سەربازی دیكە نەكات و هیوای چارەسەری دۆخەكەشی پێ دەدات، لە هەمان كاتیشدا ڕێگەی بۆ هێزە هاوبەشە ڕوسی- سورییەكە خۆش كردووە، دەستكەوتی مەیدانی زیاتر بەدەستبێنن، وەك زاڵبوون بەسەر ڕێگەی (M4 , M5) و ناچاركردنی میلیشیا پاشكۆكانی ئەنقەرە بە پاشەكشێ.

ئاژانسی هەواڵی تاس ڕایگەیاندووە، 2 شەممەی ئایندە،‌‌ شاندێكی توركیا بۆ تاوتوێكردنی دۆخی ئیدلب سەردانی مۆسكۆ دەكات، ئەمەش‌ دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان ئەردۆغان و پۆتین هات، پێشتریش شاندێكی ڕوسی بۆ هەمان مەبەست، سەردانی ئەنقەرەی كردبوو.

چاودێران دەشڵێن: لەم چەند مانگەی دوایدا، ئەردۆغان وای نیشاندەدا، كە لایەنێكی كاریگەری تەنگژەی سوریایە، هەمان هەژموونی ڕوسیای هەیە، مۆسكۆش بێ ڕەزامەندی ئەنقەرە ناتوانێت هەنگاوێك بهاوێژێت، یان بەلایەنی كەمەوە،‌ دەبێت مۆسكۆ ئەنقەرە لە جوڵەكانی ئاگاداربكاتەوە، بەڵام دەركەوت پرسەكە تەواو پێچەوانەیە، ئامانجی ڕوسیاش لە هێوركردنەوەیە دۆخەكە، دانی كاتی زیاترە بەئەنقەرە، تا وابەستەبوونەكانی ڕێككەوتننامەی‌ ئاستانە جێبەجێبكات، واتە هەڵوەشاندنەوەی گروپە توندڕەووەكان و لەچەك داماڵینیان، هەروەها جیاكردنەوەیان لە ئۆپۆزسیۆنی میانەڕەوی سوریا.

ئەردۆغان لە هەوڵدایە پۆتین توڕە نەكات، نەك وەك ئەو كاتەی بەسەر بێت، كە توركیا فڕۆكە ڕوسییەكەی بەردایەوە، كە وای لە ئەردۆغان كرد، نامەیەك بۆ پۆتین بنووسێت و داوای لێبوووردنی لێ بكات، ناچاریش بوو چاو بە دۆخی سوریاشدا بخشێنێتەوە.

پێنوێنێكی بەهێزی ئەم بۆچوونەوەی سەرەوە، كە بەرژەوەندییەكانی نێوان مۆسكۆ و ئەنقەرە لە ئیدلب زۆر لێكدوورن، ڕاگەیاندنەكەی كرملین بووە بەوەی ئەوەی لەئیدلب ڕوو دەدات، هەڵكشانی دۆخەكە نییە لە لایەن سوپاس سوریاوە‌، بەڵكو جێبەجێكردنی هێوركردنەوەی دۆخەكەیە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنقەرە خەمساری لەدۆخی ئیدلب كرد و ئۆپۆزسیۆنی توندڕەو و میانەڕووی سوریای لێكجیانەكردنەوە، ئەمەش كارتێكە بەدەست ئەنقەرەوە كە هەمیشە لە بەرژەوەندی خۆی دەیخاتەگەڕ.

فشارەكانی ڕوسیا، توركیای گەڕاندەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم، بەوەی ڕایگەیاند، بوونی توركیا لە باكووری سوریا ناشەرعییە و ڕەزامەندی حكومەتی سوریای لەسەر نییە، هێزەكانی توركیاش لە ئیدلب، دۆخەكە بەرەو خراپتر و مەترسیدارتر دەبەن.

وەزارەتی بەرگری ڕوسیا، بە ڕەهایی بانگەشەكانی ئەردۆغانی ڕەتكردنەوە كە ڕژێمی سوریا بە پشتیوانی ڕوسیا و میلیشیا پاشكۆكانی ئێران، هاووڵاتییانی ئیدلب بە ئامانج دەگرن و خوێن دەڕێژن و كوشتار ئەنجام دەدەن.

ئەنقەرە دەڵێت: ئەگەر تا كۆتایی مانگی فبرایەری ئەمساڵ،‌ سوپای سوریا نەكشێتەوە، ئەگەر یەك سەربازێكی دیكەیان تووشی زیان بێت، ئەوان هێزی سەربازی بەكاردێنن و لە هەركوێیەك بن هێرشیان دەكەنەسەر.

شەممەی ڕابردوو، فوئاد ئۆقتای جێگری سەرۆكی توركیا، لە لێدوانێكیدا بۆ تەلەفزیۆنی (ئێن تی ڤی) وتی: ئەنقەرە لە ئیدلب وابەستەبوونەكانی خۆی جێبەجێكردووە، هەروەك پێشتر لەگەڵ ڕوسیا و ئێران لەسەریان ڕێككەوتووە. ئەنقەرە موكوڕە لە وەستاندنی سوپای سوریا و ئەمەشی بە مۆسكۆ ڕاگەیاندووە.

لە هەنگاوێكیشدا، كە لەوانەیە دۆخی ئیدلب بەرەو هەڵكشانی زیاتر بەرێت، سەرچاوەیەكی دبلۆماسی سەربازی ڕوسی ڕایگەیاند، كە توركیا نزیكەی 70 تانك و 200 زرێپۆش و 80 تۆپی ڕەوانەی ئیدلب كردووە، وتیشی بەشێكی زۆری ئەو چەكانە، كەوتوونە دەست چەكدارانی دەستەی ڕزگاركردنی شام (بەرەی نوسڕەی پێشوو). 

سەرچاوەكە وتیشی: چەكدارە توندڕەووەكان، چەكی دژە ئاسمانیان لە توركیاوە پێگەیشتووە، ئەمەش گەورەترین نیگەرانی ڕوسیایە، پێشتریش دوو فڕۆكەی پەروانەداری سەربازی سوریا لە ئیدلب خرانە خوارەوە.

شەممەی ڕابردوو، ئاژانسی هەواڵی فەرمی حكومەتی سوریا ڕایگەیاند كە دەستیان كردووە بە لادانی بەربەستەكانی سەر ڕیگەی خێرایی نێوان دیمەشق و حەلەب و بە تەواویش دەستیان بەسەر‌دا گرتووە.

ئەمەش سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا، چونكە كردنەوەی ڕێگای M5 ، زاڵبوونە بەسەر كورترین ڕێگای نێوان دیمەشق و حەلەب كە حەوت ساڵ پێش ئێستا لە دەستیانداوە.

ئەنقەرە هەر خەریكی هەڕەشە و گوڕەشەیە، بەڵام تەنها لێدوانن و هیچی دیكە، بۆیە هەندێك لە هاوپەیمانەكانی لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا، بەوە تۆمەتباریان كردووە كە ڕۆڵێكی دووسەرە دەگێڕێت، وتیشیان دوور نییە ئەنقەرە لەگەڵ هێزەكانی حكومەتی سوریا هەماهەنگی كردبێت و چەند ناوچەیەكی ڕادەست كردبن.

فەرماندەیەكی سەربازی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئەوەی ئاشكرا كرد، كە زاڵبوونی هێزەكانی حكومەتی سوریا بەسەر ڕووبەرێكی فراوان لە ناوچەی گوندەواری حەلەب و ئیدلب، هۆكارەكەی ئەوە بوو كە توركیا داوای لە ئۆپۆزسیۆن كردووە بەرەنگاری ئەو هێزە هێرشبەرە نەبنەوە.

فەرماندە سەربازییەكە جەختی لەوەش كردووە، كە هێزەكانی حكومەتی سوریا له سەرەتای ئەمساڵەوە، دەستیان گرتووە بەسەر تەواوی شارەكانی معەڕەت نوعمان و سڕاقب و ئۆتۆستڕات حەلەب دیمەشق.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر