شارپرێس:
رۆژنامەی "ئیندپێندت"ی بەریتانی لە پزیشكانی نەخۆشخانەی سانت لۆك لە نیویۆركەوە گواستویەتییەوە، كە لێكۆڵینەوەیەكیان كردووە بۆ ئەوەی بزانن، كە ئایا هیچ پەیوەندییەك لەنێوان گەشبینی مرۆڤ و تەندروستی دڵ دا هەیە .
لێكۆڵینەوەكەش لەسەر ٢٣٠ هەزار بەشداربوو لە ئەمریكاو ئەوروپا و ئوسترالیا كراوە و بۆماوەی ١٤ ساڵیش چاودێری دۆخی تەندروستیان كراوە .
بەگوێرەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە، ئەو كەسانەی خۆیان بەكەسانی گەشبین هەژمار كردووە بەراورد بەكەسە رەشبینەكان لەو ماوەیەدا بەڕێژەی ٣٥% كەمتر تووشی مێشك وەستان بوون .
جگە لەوەی كەسە گەشبینەكان لەبەر هەر هۆكارێك بێت بەڕێژەی ١٤% كەمتر تووشی مردنی پێشوەختە بوون، لەوانە بەهۆی نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن و شێرپەنجە و خەڵەفان و نەخۆشی شەكرە.
ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی گەشبینی پەیوەستە بەكەمبوونەوەی مەترسییەكانی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن .
پزیشكەكان وتوویانە گەشبینی وا لەكەسەكە دەكات كەسەكە پەیڕەی ستایلێكی ژیانی تەندروست بكات لەڕێگای وەرزشكردنی ڕێكوپێك و سیستەمێكی خۆراكی هاوسەنگ و دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان .
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی