پۆمپیۆ رەتیدەكاتەوە ئەمەریكا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی پاشەكشەی كردبێت

جیهان

17/02/2020‌ 590 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەمیانی بەشداریكردنی لەكۆڕبەندی ئاسایشی میونخ رەخنەكانی سەرۆكی ئەڵمانیاو بەرپرسانی تری ئەوروپای رەتكردەوە بەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكایان بە پەیرەوكردنی سیاسەتی گۆشەگیری و خۆدوورخستنەوە لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی تۆمەتبار كردبوو.

پۆمپیۆ لەلێدوانێكدا وتی: قسەكانی سەرۆكی ئەڵمانیا فرانك ڤالتەر شتاینامایەر هاوشێوەی لێدوانەكانی تر، كە لەو بارەیەوە كراون بەهیچ جۆرێك رەنگدانەوەی ئەوە نییە، كە لەڕاستیدا هەیە.

وتیشی: خۆشاڵ دەبم، كە پێتان رابگەیەنم ئەو بیرۆكەیەی دەڵێت هاوپەیمانی نێوان هەردوو بەری ئەتڵەسی مردووە تاڕاددەیەكی زۆر زیادەڕوی تێدا كراوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ئەمەریكا بە بەهای ملیارێك دۆلار پارە بۆ پرۆژەكانی بواری وزە لەوڵاتانی رۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئەوروپا تەرخان دەكات بۆ ئەوەی لەبەرانبەر ڕووسیدا و لەپرسی وزەدا زیاتر سەربەخۆ بن.

پۆمپیۆ لەو بارەیەوە وتی: وەك ئاماژەیەك بۆ پشتیوانی لەسەروەری هاوڕێ ئەوروپییەكانمان و گەشەكردن و سەربەخۆییان لەبواری وزەدا، ئەمەریكا دەیەوێت بەبەهای ملیارێك دۆلار پارە بۆ پرۆژەكانی وڵاتانی ناوەراست و رۆژهەڵاتی ئەوروپا لە دەستپێشخەری سێ دەریاكە (دەریای بەڵتیك، ئەردیاتیكی و دەریای رەش) كۆبوونەتەوە و  لە ١٢ وڵاری ئەندامی یەكێتی ئەوروپا پێكدێن تەرخان بكات.

لەرۆژانی رابردوو، لەكاتی بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئاسایشی میونخ، بەشێك لە بەرپرسانی ئەڵمانی و ئەوروپایی ئاماژەیان بۆ ئەوە كردبوو، كە چیتر ئەمەریكا لەسەر ئاستی جیهانی ئەو ڕۆڵەی جارانی نەماوە و بەشێك لە ناوەندی بڕیار لە جیهاندا بۆرووسیا رۆیشتووە، بۆ ئەوەش ئاماژەیان بە رووداوەكانی سوریا و ئەڤغانستان و لیبیا كردبوو كە ئێستا رووسیا قسەی كۆتایی لەو وڵاتانەدا دەكات.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی