هەوڵێك بۆ تێكدانی رێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا هەیە

کوردستان

17/02/2020‌ 1504 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
شێروان شەمێرانی راوێژكاری سیاسی ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان باس لەوە دەكات، هێزە كوردییەكان بۆ ئەوەی متمانە بە كابینەكەی محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیری راسپێردراو بدەن چەند مەرجێكی گرنگیان هەیە، ئاشكراشیكرد، چەند لایەنێكی سیاسی هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی ڕێكەوتنەكەی ئەمدواییەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا هەڵبوەشێننەوە .

شەمێرانی بۆ پێگەی "شەفەق نیوز" راگەیاندووە، هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان وەزارەتێكی حكومەتی فیدراڵیان قبووڵ  نییە ئەگەر بێت و ئەو وەزارەتە لەلایەن هێزە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق پشتیوانی نەكرێت.

ئەو راشیگەیاند، كورد بۆ ئەوەی متمانە بەهەر حكومەتێك بدات، كە لە بەغدا دروست دەكرێت ئەوە چەند شەرت و مەرجێكی هەیە، لەگرنگترینیان، تێپەڕاندنی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ و قبووڵكردنی ئەو ڕێكەوتنە نەوتییەی لەماوەی رابردوودا لەنێوان هەولێر و بەغدا واژوو كرا .

ئەو بەرپرسەی یەكگرتوو باسی لەوەش كردووە، كە جێبەجێكردنی ئەو مەرجانە بێ بوونی وەزیری كورد، كە لەلایەن هێزە كوردییەكانەوە جێگای متمانە بن نایەنە دی، لەبەر ئەوە دەبێت كورد لەئەنجوومەنی وەزیرانی بەغدا ئامادەیی هەبێت.

شەمێرانی هۆشداریداوە لەوەی هەندێك لایەنی سیاسی هەوڵدەدەن ئەو ڕێكەوتنەی لەنێوان عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیری دەستلەكاركێشاوەو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان واژووكرا شكستی پێبهێنن.

ساڵی رابردوو لەو كاتەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بوو، هەولێرو بەغدا رێككەوتنێكیان كرد، كە بەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی، واژووكردنی رێككەوتنەكە دواخرا.

هـ ـ ح