هێزە جیهانییەكان لەسەر پێشێلكارییەكانی لیبیا هاتنە دەنگ

لە میدیاکانەوە

17/02/2020‌ 772 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێكی باڵای نەتەوەیەكگرتووەكان ڕایگەیاند، پێشێلكردنی پڕچەككردنی لایەنە چەكدارەكان بووەتە گاڵتە و ئەو وڵاتانەی ئەنجامی دەدەن پێویستە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت.

ڕۆژی یەكشەممە لەمیونخ وەزیرانی دەرەوە و بەرپرسانی باڵای دیكەی كۆمەڵێك وڵاتی جیاواز كۆبوونەوە بۆ تاوتوێكردنی جەنگی لیبیا و دووپاتكردنەوەی پابەندبوونیان بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی وەستاندنی ناردنی چەك، كە تا ئێستا چەندین جار پێشێلكراوە و بۆ پاڵپشتی كردنی ئاگربەستێكی یەكجارەكی.

ستێفانی ویلیامس، جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لیبیا لەو بارەوە ڕایگەیاند: پێشێلكردنی ڕێككەوتنی وەستاندنی ناردنی چەك بووەتە گاڵتەیەك و ئێمەش پێویستە لێرە دەستتێوەردان بكەین، بابەتەكە ئاڵۆزە چونكە چەندین پێشێلكاری لەڕێگەی زەمینی، ئاوی و ئاسمانییەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام پێویستە چاودێری و لێپرسینەوە هەبێت.

كۆبوونەوەكە لەلایەن ئەڵمانیا و نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ڕێكخرا وەك داواكاریەك بۆ بەردەوامی دان بە فشار بۆ بڕینی پاڵپشتی سەربازی دەرەكی بۆ لایەنە شەڕكەرەكان لە لیبیا.

هەروەها هێیكۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی دوای كۆبوونەوەكە رایگەیاند: شتێكی ئاشكرایە، كە لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا پێشێلكاری بەرچاوی ڕێككەوتنی وەستاندنی ناردنی چەك هەبووە. 

هەروەها رایگەیاند، ڕوونكردنەوەی تەواو جیاواز و دژیەك لەلایەن لیبیاوە دراوە سەبارەت بە هۆكاری ئەو پێشێلكاریانە، بەڵام هەمووان كۆكن لەسەر ئەوەی ئەو ڕێگایەی گرتوومانەتە بەر، كە بریتییە لە دابڕینی لایەنەكانی جەنگەكە لە پاڵپشتەكانیان، تا ئێستا تاكە ڕێگەیە ئەگەری دەرەنجامێكی سەركەوتووی هەبێت لە كۆتایی هێنان به جەنگی ناوخۆ لە لیبیا.

پێشتر ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاندبوو، بە بەردەوامی دان بە ناردنی چەك و هەڵگیرساندنی جەنگ ڕێككەوتنێكی پێشوو كە لە بەرلین ئەنجام درا بەردەوام پێشێلكراوە.

لەساڵی ٢٠١١ بەولاوە وڵاتی لیبیا لە دۆخی جەنگدا بووە كاتێك جەنگێكی ناوخۆ موعەمەر قەزافی، دیكتاتۆری لەمێژینەی لیبیای لە دەسەڵات هێنایە خوارەوە كە دواتر كوژرا.

دوو ئیدارەی دژ بە یەكتری لە وڵاتەكە بوونیان ھەیە: حكومەتی ڕێككەوتنی نەتەوەیی لە تەڕابلس كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانە دانی پێدانراوە، وە ئیدارەیەكی دیكە لە شاری تەبروك لە ڕۆژھەڵاتی لیبیا، كە پاڵپشتی كودەتای سەربازی فەرماندە خەلیفە حەفتەر دەكات.

حكومەتی ڕێككەوتنی نەتەوەیی لەلایەن توركیاوە پاڵپشتی دەكرێت كە لەم دواییەدا هەزاران سەربازی بۆ لیبیا ناردووە.

حەفتەر، كە لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا هێزەكانی هێرشێكیان بۆ كۆنترۆڵ كردنی شاری تەڕابلسی پایتەختی لیبیا دەست پێكرد، لەلایەن ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبیەوە پاڵپشتی دەكرێت.

وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان
سەرچاوە: Al-Jazeera English