محەمەدی حاجی مەحمود: قاسم سلێمانی نەبوایە داعش بەغدا و دیمەشقی داگیر دەكرد

کوردستان

17/02/2020‌ 1269 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "ئەگەر كۆماری ئیسلامی ئێران و حاجی قاسم سلێمانی نەبووانەیە ئەوە ئێستا بەغدا و دیمەشق لەژێر كۆنترۆڵی ڕێخكراوی تیرۆریستی داعشدا بوون".

محەمەدی حاجی مەحموود لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی باس لەكەسایەتی و  رۆڵی قاسم سلێمانی لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش‌و دروستكردنی پەیوەندی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و بەرپرسانی هەرێمیش دەخاتەڕوو.

لەبارەی رۆڵی قاسم سلێمانی لە دروستكردنی پەیوەندی لەنێوان هەرێم و ئێران دەڵێت: پەیوەندییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان لەڕێگای قاسم سلێمانییەوە بوون، هەروەك دەڵێت: هەموو ئەو كۆبوونەوانەی قاسم سلێمانی تێیدا ئامادە دەبوو بەرهەمدار بوون.

سەبارەت بە كەسایەتی قاسم سلێمانی، مەحمود دەڵێت: "قاسم سلێمانی كەسایەتییەكی هێمن و لەسەرەخۆی هەبوو، بەردەوام ڕێزی بەرانبەرەكەی دەگرت ، ئەوە جگە لەوەی هەوڵی دەدا كۆبوونەوەكان بەرهەمدار  و ئەرێنی بن، بۆیە زۆر ئاسانكاری بۆ لایەنی بەرانبەر دەكرد تا ئەویش رەزامەند بێت. بەگشتی سلێمانی كەسێكی شارەزا بوو لە كاروبارە كۆمەڵایەتی و سەربازی و جەنگییەكاندا".

سەبارەت بەوەی تاچەند قاسم سلێمانی ئاگاداری ناوخۆی هەرێمی كوردستان بوو، سكرتێری حزبی سۆشیالیست باسی لەوەش كردووە، كە قاسم سلێمانی ئاگاداری تەواوی هەبوو لەسەر بابەتە كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەكانی تەواوی چینەكانی هەرێمی كوردستان وەك ئەوەی خۆی لەناوماندا بژی.

هەروەك ئاماژەی بەوە كردووە، كە قاسم سلێمانی یەكەم كەس بووە بەخۆی و ٧٠ كەس لە هێزە سەربازییەكان بەشداریان لە جەنگی دژ بە داعشدا كرد و لەپێناو بەرگریكردن لەگەلی كورد لەهەرێمی كوردستان چەندین شەهیدیاندا.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی