پارتی بۆ هەر وەزارەتێكی حكومەتی عێراق پێنج كەس كاندید دەكات

کوردستان

17/02/2020‌ 1987 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مە‌هدی عەبدولكەریم كادری پێشكەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: كورد لەكابینەكەی عەلاویدا نوێنەریان دەبێت بەجۆرێك سێ وەزارەتیان بەر كورد دەكەوێت، بۆ هەر وەزارەتێكیش پێنج كەسیان كاندیدكردووە و لەدواییشدا عەلاوی خۆی یەكێكیان لێ دەستنیشان دەكات.

عەبدولكەریم دەشڵێت: پارتی دیموكراتی كوردستان پشكی خۆی لە وەزارەتەكان وەردەگرێت، هەروەك چۆن یەكێتی نیشتمانی كوردستان و سەرجەم پارتە كوردییەكانی تریش بەركەوتەی خۆیان دەبێت.

ئەو روونیكردووەتەوە، كە هێشتا گفتوگۆكان بۆ هەڵبژاردنی پاڵیواروی وەزارەتەكان بەردەوامن، ئومێدیشی خواستووە محەمەد تۆفیق عەلاوی راسپێراو بۆ پێكهێنانی حكومەت بتوانێت رۆژی سێشەممە كابینە وەزارییەكەی پێشكەشی پەرلەمان بكات بۆئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت . 

لەیەكی ئەم مانگەوە محەمەد تۆفیق عەلاوی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە راسپێراوە بۆ پێكهێنانی حكومەت‌و 30 رۆژی لەبەردەمدایە، بۆ ئەوەی كابینەكەی رابگەیەنێت.

پێشتر پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڕەشەی ئەوەی كردبوو، كە ئەگەر بێت و كابینە وەزارییەكەی عەللاوی بەزۆرینەی سیاسی تێپەڕێنرێت و لە پێكهێنانیدا سازان لەگەڵ پێكهاتەكان نەكرێت ئەوە كورد گەلێك كارتی گوشاری بەدەستەوەیە كە بیخاتە سەر لایەنە سیاسییە عێراقییەكان بۆئەوەی نەهێڵێت كابینەكەی عەلاوی لەپەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت .