سەرەڕای بانگەشە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی سەرتاسەری شاسوار عەبدولواحید بەنیازە بچێتە دەرەوەی هەرێم

کوردستان

17/02/2020‌ 3467 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرەڕای ئەوەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ بانگەشەی ئەوە دەكات، كە خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجامدەدەن، بەڵام بەنیازە سەردانی دەرەوەی هەرێمی كوردسان بكات.

شاسوار عەبدلواحید رۆژی 15 ئەم مانگە لەرێگەی بانگەوازێكەوە، كە ئاراستەی خەڵكی كوردستانی كردبوو، داوای ئەنجامدانی خۆپیشاندانی سەرتاسەری كردبوو، كە لەبانگەوازەكەدا هاتووە: هەموومان ئاگاداری دۆخی هەرێمەكەمان و گوزەرانی هاوڵاتییانین، هەروەها هەموومان ئاگەداری بێباكی دەسەڵات و بەناو حكومەت و دوو پارتی دەسەڵاتدارین. لە ئێستادا و لەم كاتەی كە ئەم دۆخە خراپە ڕووی تێكردووین، ئەوە دوو بژاردەمان لە بەردەستدایە:
یان سەرمان كز بكەین و بێدەنگ و شەرمنانە دابنیشین و رۆژانە خەڵەكەكەمان ئیهانە بكرێت، خزمەتگوزاری نەبێت، سوتەمەنی و غاز و كارەبا نەبێت، كاسبكارەكانمان و دوكاندارەكان بڕوتێنرێنەوە و ئێمەش بێدەنگ بین.
یاخود لایەنیكەم هەڵوێستێكمان هەبێت و نارەزایی دەرببڕین و پەیامێك بدەینە دەسەڵاتداران كە چیتر ئەم دۆخە قبوڵ ناكرێت.

هەروەها رایگەیاندبوو، بە هەموو لایەكی ڕادەگەیەنین كار دەكەین لەسەر ڕێكخستنی خۆپشاندانێكی بەرفراوان و گەورە و دەربڕینی نارەزایەتی خەڵكی، هەمومان پێكەوە هەڵوێست دەڕدەبرین و چیتر لەسەر ئەم ستەم و بێدادییە بێدەنگ نابین، كە دەسەڵات وادەزانیت بێدەنگیمان، رازیبونمانە، هێمنیمان، ترسنۆكیمانە و ئەم دۆخەمان قبوڵە.

هاوكات ئاشكراشیكردبوو، كە بەدرێژایی ئەم هەفتەیە هەمووتان خۆتان ئامادە بكەن و خۆتان ڕێك بخەن بۆ رۆژی خۆپیشاندانەكەو راشیگەیاندبوو، من بەش بەحاڵی خۆم بە شەخسی دێم و وەك تاكێكی ئەم وڵاتە بەشدار دەبم لەگەڵتان، تەنها پێیان دەڵێم ئێمە هەین و نەمردوین، ئێمە ماوین و میلەتێكی زیندوین و كۆڵ نادەین.

لەبەرانبەر ئەمەدا شاسوار عەبدولواحید ئێستا بانگەوازێكی بڵاوكردووەتەوە، كە بەپێی بانگەوازەكە لەماوەی هەفتەی داهاتوو دوو سیمیناری جیاواز ساز دەكات لەهەر دوو شاری (میونشین لە ئەڵمانیا)، (بێرمنگهام لەبەریتانیا) لە ژێر ناونیشانی (دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراق و رۆڵی كوردانی تاراوگە).