چینیەکان ناوێرن پارە بەکاربهێنن
بانکى ناوەندی چین تیشکى سەروبنەشەیی بۆ پاککردنەوەى پارە بەکاردەهێنێت

جیهان

17/02/2020‌ 309 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خەڵکى چین بەهۆى ترسیان لە بڵاوبوونەوەى زیاترى ڤایرۆسى کۆرۆرنا ناوێرن پارە بەکاربهێنن لە حاڵەتى ناچاریدا نەبێت، بەو هۆیەشەوە بانکى ناوەندى چین بڕیاریدا بۆ پاککردنەوەى پارە چەند رێگەیەک بەکاربهێنێت.

ئاژانسى شینخوای چینى بڵاویکردەوە، پزیشکەکان بڵاویانکردوەتەوە کە یەکێک لە رێگەکانى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا پارەیە کە کەسانى توشبوو ساغ لە مامەڵەى رۆژانەدا بەیەکترى دەدەن ئەوەش وا دەکات ڤایرۆسەکە بەخێرایی بڵاوبێتەوە.

ئاژانسەکە ئاماژەى بەوەکردوە،خەڵکى ترسیان لێنیشتووەو لە حاڵەتى ناچاریدا نەبێت ئاڵوگۆڕی دراو ناکەن و پارە بەکارناهێنن، بۆیە بەشێکى زۆرى خەڵک پارەکانیان بردووەتە بانک و دواتر رایدەکێشنەوە.

هاوکات بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە،بانكی ناوەندی چین رایگەیاندووە، سەرجەم بانكەكانی وڵاتەكەی ئاگادار کردوەتەوە كە تیشكی سەروبنەوشەیی یان پلەی گەرمی بەرز بۆ پاككردنەوەی دراوی نەختی بەكاربهێنن‌.

بانكى ناوەندى رێنمایی دەرکردوە دواتر مۆر بكرێن‌ بۆ ماوەی ٧ تا ١٤ رۆژ یەدەگ بكرێن پاشان بەكاربهێنرێن و بدرێن بە خەڵک، تاوەكو بتوانن رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بکەن بەهۆی دەستاودەستكردنی پارەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە: لەسەرەتای سەرهەڵدانی ئەو ڤایرۆسەوە بانكی ناوەندی چین بەشێوەیەكی خێرا چوار ملیار لیوانی نوێی بەشێوەی كاغەز چاپكردووە‌و ناردویەتی بۆ يۆهان.

هەروەها بانكی ناوەندی چین رێنمایی داوەتە سەرجەم بانكەكان كە بۆ ئەوەى دراوی نوێ‌و پاكژكراوە بدەنە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی دووربن لە توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

لە ئێستادا بەپێی نوێترین ئاماری ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆس کۆرۆنا گەیشتووەتە ٧٢ هەزار و ١٠٠ کەسە  هەتا ئێستاش زياتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستداوەو ١٠ هەزار و 500  کەسیش تەندروستییان خراپەو مەترسی مردنیان لەسەرە.
س.هـ