ئەگەر هەیە پارتی بەشداری کابینەکەی محەمەد تۆفیق عەلاوی نەکات

عیراق

18/02/2020‌ 512 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسێکى باڵاى پارتی دیموکراتی کوردستان باس لە ئەگەری بەشدارینەکردنى حزبەکەى دەکات لە کابینەکەى محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆک وەزیری راسپێردراو.

عەرەفات کەرەم بەرپرسی دۆسیەی بەغدا لە بارەگای مەسعوود بارزانی لەلێدوانێکیدا بۆ  ئاژانسی رای گشتی "پۆنا نیوز" رایگەیاندوە، ئەگەر بێت و لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێ راوێژمان پێنەکرێت ئەوە بەشداری تێدا ناکەین.

ئاماژەى بەوەشکردوە، ناکرێت پارتی دیموکراتی کوردستان هەمان حسابی عەسائیبی ئەهلی حەقی بۆ بکرێت، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ راگەیاندنی عەسائیبی ئەهلی حەق لەڕێگای کوتلەی پەرلەمانیی سادیقوونی سەر بەخۆیان بەوەی پشتیوانی حکوموەتەکەی عەللاوی دەکەن ، بەڵام بۆ وەرگرتنی وەزارەتەکان هیچ پاڵێوراوێک پێشکەش ناکەن .

سەبارەت بە نیازی عەلاوی بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان، کەرەم باسى لەوە کردوە، ئەوان لەڕێگای میدیاکانەوە زانیویانە کە سەرۆک وەزیری راسپێردراو نیازی ئەوەی هەیە سەردانی کوردستان بکات، بەڵام هێشتا کاتی سەردانەکە دیار نییە.

پێشتر پەرلەمانتارێکی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو ئەگەر بێت و عەللاوی لە پێکهێنانی حکومەتدا سازان لەگەڵ پێکهاتەکان نەکات و پەنا بەرێتە بەر زۆرینەی سیاسی بۆ متمانەدان بە کابینەکەی، ئەوە پارتی گەلێک کارتی گوشاری لەبەردستدایە بۆئەوەی گوشار بخاتە سەر لایەنەکان تا دەنگ بە کابینەکەی محەمەد تۆفیق عەللاوی نەدەن .

لەلایەکى دیکەشەوە میدیاکانى عێراق بڵاویانکردەوە، مەسعود بارزانى سەرۆکی پارتى دیموکراتى کوردستان چاوەڕوانى سەردانى عەلاوى دەکات بۆ هەولێر تا پرسى دانانەوەى وەزیرەکانى ئەو حزبە لەکابینەى نوێددا تاوتوێ بکەن.

شەوى رابردووش شارپریس لە زارى سەرچاوەیەکى تایبەت بەخۆیەوە بڵاویکردەوە، کە عەلاوى تەنیا رەزامەندى بۆ مانەوەى فوئاد حسێن وەزیرى دارایی نیشانداوە و لەسەر وەزیرەکانى تر رازى نەبووە.

وەرگێران : ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی