سێ دۆسییە لەسەر مێزی گفتوگۆکانی شاندی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلاویدایە

عیراق

18/02/2020‌ 1456 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق گرنگترین ئەو دۆسییانەی ده‌خاته‌ڕوو، كه‌ شاندی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو گفتوگۆیان لەبارەوە دەکات.

دیار بەرواری، ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌ ئاژانسی ھەواڵی عێراقی راگەیاند، "شاندێکی حکومی سەردانی بەغدا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆسییە پەیوەستەکان بەڕێککەوتنەکانی پێشووی نێوان ناوەند و ھەرێم لەپرسی بوودجە، نەوت و ھاوبەشی حوکمڕانی".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پشتگوێخستنی کورد وەکو پێکھاتەیەکی سەرەکی لەپێکھاتەکانی گەلی عێراق کارێگەری نەرێنی دەکاتە سەر دەستووری عێراق.
 
وته‌كانی په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پارتی له‌كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ شاندی هاوبه‌شی نێوان پارتی، یه‌كێتی، گۆڕان، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو هه‌روه‌ها پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدایان كردووه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌ی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی كه‌ بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ كورد، سونه‌ و شیعه‌كان ئه‌نجامبیدات.

دیار بەرواری رونیكرده‌وه‌، "کورد سوورە لەسەر بەشداریکردن لە حکومەت و دانەبڕان لە بەغدا سەرباری ھەموو ناکۆکییەکانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر".

ئه‌ه‌شی خسته‌ڕوو، "ناکۆکییەکان لەسەر ئاستی بەڕێوەبردنی وڵات واپێویست دەکات ئامادەی بەغدا بیت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ سەرجەم کێشە ھەڵواسراوەکانی نێوان ھەرێم وناوەند".

هاوكات فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی ئه‌مڕۆ له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان رایگه‌یاند، "ئێمه‌ چه‌ند وه‌زاره‌تمان به‌رده‌كه‌وێت، وه‌كو پارتی باس ناكه‌ین، وه‌كو كورد وه‌كو كوردستانی ئێمه‌ وه‌كو پارتی هه‌وڵمان داوه‌، هه‌وڵیش ده‌ده‌ین كه‌ یه‌ك هه‌ڵوێست بین، هه‌موومان پێكه‌وه‌ بین درزێك نه‌كه‌وێته‌ ناو كوردستانیان به‌ گشتی، ناو كورد به‌تایبه‌تی".

فازڵ میرانی وتیشی، "یه‌ك شت هه‌یه‌ ئێمه‌ ناتوانین رازی بین وه‌كو حزبێك ئێمه‌ میلله‌تی دووه‌مین له‌ عێراقدا فیدارڵیه‌تی خۆمان هه‌یه‌".

له‌باره‌ی دیاریكردنی كاندیدی پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان كه‌ پشكی كوردن میرانی ده‌ڵێت، "براده‌رێك ئیحترامان بۆ هه‌یه‌ ئه‌بوهادی پیاوێكی باشه‌ به‌س ناكرێت ئه‌بو هادی له‌ جیاتی شه‌هید و خه‌باتكاره‌كان وه‌زیریمان بۆ دابنێت، كەس ناتوانێ لە بەغدا وەزیر بۆ لایەنە كوردستانییەكان دیار بكات، بەڵكو دەبێ خۆمان ناوەكانیان پێبدەین و بڵێین ئەمانە وەزیری كوردن".