ترامپ هەڕەشە لە وڵاتە هاوپەیمانەكان دەكات.. زانیاری هەواڵگری بەرانبەر بە راگرتنی هاوكاریی لەگەڵ هواوی

جیهان

19/02/2020‌ 734 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ریچارد گرینیڵ باڵیۆزی ئەمەریكا لە ئەڵمانیا دەڵێت: دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی راگرتنی ئاڵوگۆڕی زانیایی هەواڵگری لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان كردووە ئەگەر بێت و مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیای هواوی چینیدا بكەن.

هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی ئەمەریكا بەتایبەت ئەڵمانیا و فەرەنسا رایانگەیاندووە، كە هەماهەنگییەكانیان لەگڵ كۆمپانیای هواوی چینی راناگرن، بەڵام كۆتوبەندی بەسەردا دەسەپێنن .

هەرچەندە ئەمەریكا بەپارێزەوە وەڵامی مامەڵەكردنی بەریتانیای لەگەڵ هواوی داوەتەوە، بەڵام راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان باس لەوە دەكەن ترامپ زۆر لە لەندەن توڕەیە.

لای خۆیەوە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی ئاسایشی میونخ گوتی كۆمپانیای هواوی "ئەسپی تەڕوادەی هەواڵگری چینە". . .

واشنتۆن ماوەیەكە گوشاری خستووەتە سەر هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی بۆئەوەی هەماهەنگییەكانیان لەگەڵ كۆمپانیای هواوی چینی رابگرن، كە لەبواری بنیادنانی تۆرەكانی نەوەی پێنجەمی پەیوەندییەكان كار دەكات.

گرینیڵ راشیگەیاندووە، سەرۆكی ئەمەریكا رایسپاردووە بۆئەوەی روونیبكەمەوە هەر دەوڵەتێك پشت بە سەرچاوەیەكی متمانەپێنەكراوی تۆرەكانی نەوەی پێنجەم ببەستێت، ئەوە تواناكانمان لە ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری لەگەڵیدا دەخاتە مەترسییەوە.

هەرچی كۆمپانیای هواوی چینییە هەموو ئەو بانگەشانە رەتدەكاتەوە، كە باس لەوە دەكات كۆمپانیاكەیان سەر بە حكومەتی چینییە و رایگەیاندووە، كە ئەو جۆرە مامەڵەیەی واشنتۆن لەگەڵیاندا جۆرێكە لە چەپاندنی ئابووری .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە