ئەمریكا لەبەهاری رابردووەوە 20 هەزار سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیركردووە

جیهان

19/02/2020‌ 445 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەپێی راپۆرتێكی پێگەی Popular Resistance ی ئەمەریكی، واشنتۆن لە بەهاری رابردووەوە بەسوودوەرگرتن لەو ناكۆكی و دوژمنایەتییەی لەگەڵ ئێران هەیەتی ژمارەی هێزە سەربازییەكانی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕست بە قەبارەی ٢٠ هەزار سەرباز زیاد كردووە.

راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ئەمریكا جەنگ و ئاڵۆزییەكان دەكاتە پاساو بۆ زیاتر بڵاوەپێكردنی هێزە سەربازییەكانی لەسەرانسەری جیهاندا، 

هەروەها ئاشكرایكردووە، كە ئەمریكا ٨٠٠ بنكەی سەربازی لەسەرانسەری جیهاندا هەیە، هەر جەنگێكی ئەمەریكاش بۆسەر ئێران ئەوە بەدڵنیایی دەبێتە هۆی زیادبوونی تێكرای بودجە سەربازییەكان.

راپۆرتەكە پێیوایە، ئەمریكا ناكۆكییەكانی لەگەڵ ئێران كردووەتە پاساو بۆ زیادكردنی بوونی سەربازیانەی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەجۆرێك لەبەهاری رابردووە وە ٢٠ هەزار سەربازی زیاد كردووە.

لای خۆیەوە مەهدی تەقی ئامرلی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح جەختیكردەوە، كە ئەوان بەردەوام دەبن لە هەنگاوە یاسایی دەستوورییەكان بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق، پێشیوایە ئەوەی دەڵێت: ئەو هێزانە بۆ پاراستنی عێراقییەكان هاتوون ئەوە لە "خەیاڵ"دا دەژی.

سەرەرای بەڵێنە بەردەوامەكانی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا بەوەی كۆتایی بە "جەنگە بێكۆتاكان " دەهێنێت و دەست لە ململناێكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست وەرنادات و پابەند دەبێت بەو بەڵێنەی لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا بە دەنگدەرانیدا بەوەی سەربازەكانی ئەمەریكا دەگێڕێتەوە بۆ خاكی نیشتمان، بەڵام بەپێچەوانەوە لەسەردەمی ئەودا ژمارەی ئەو سەربازانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بڵاوەی پێكردوون زۆر لەوە زیاتر بوون كە گەڕاندوونیەتەوە بۆ ئەمەریكا.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی