جەنگی بەكرێگیراوەكان.. لە لیبیا كێ لەدژی كێ شەڕ دەكات؟

لە میدیاکانەوە

19/02/2020‌ 1128 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لەوكاتەوەی جەنەراڵ مووشیر خەلیفە حەفتەر لە ٤ی نیسانی ٢٠١٩ وە هێرشی بۆ سەر شاری تەرابلووسی پایتەختی لیبیا دەستپێكردووە، بەردەوام راپۆرتە میدیاییە نێودەوڵەتییەكان و لێدوانی بەرپرسان باس لە بوونی چەكداری بەكرێگیراو دەكەن لەناو ڕیزەكانی هەریەك لە حكومەتی ویفاقی نیشتمانی، كە توركیا و قەتەر پشتیوانیان دەكات و هێزەكانی جەنەراڵ موشەیر خەلیفە حەفتەر، كە لەلایەن میسر و ئیمارات و روسیاوە پشتیوانی لێوە دەكرێت.

نەخشەی دابەشبوونی چەكدارە بیانییەكان بەم جۆرەیە: 
هێزە سودانییەكان پشتیوانی حەفتەر دەكەن 
راپۆرتێكی شارەزایانی ئەنجوومەنی ئاسایش، كە لە دیسەمبەری ساڵی ٢٠٢٩ دەرچووە ئەوەی ئاشكراكردووە، چەكدارانی سودانی لە لیبیادان و  پشتیوانی هەردوو لایەنە بەشەڕهاتووەكە دەكەن، كە بەتێكڕایی ژمارەیان ٢٢٠٠ چەكدار دەبێت و بەشی هەرە زۆریان پشتیوانی جەنەراڵ حەفتەر دەكەن و لەكاتێكدا ١٦٠ چەكداریان لەپاڵ حكومەتی ویفاقدا شەر دەكەن.

راپۆرتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكراشیكردووە، كە ئەو كەسانە بەشێوەی جیاجیا وەك بەكرێگیراو یان وەك گروپی رێكخراو ئەركی سەرەكیان بریتییە لە پاراستنی ژێرخانی ئابووری و پاراستنی هێڵەكانی پشتیوانی و پاراستنی هەندێ شاری باشووری لیبیا . 

لەلایەكی ترەوە رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی بڵاویكردەوە، كە ژمارەیەك بەكریگیراوی سودانی گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمنی ئیماراتی بەناوی واژووكردووە بۆ پاراستنی دامەزراوە نەوتییەكان لە رەئس لانۆف .

پێشتر وەزیری راگەیاندنی سودانی ئەو هەواڵەی پشتراست كردبووەوە و باسی لەوە كردبوو، ئەو كەسانە گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیای بلاك شیڵد واژووكردووە و بۆ ئەوەش دوو بژاردەیان خراوەتە بەردەم، یان ئەوەتا لە ئیمارات بمێننەوە و وەك پاسەوان كار بكەن، یاخود بچنە سودان و پارێزگاری لە دامەزراوە نەوتییەكانی ئەو وڵاتە بكەن.

هۆزەكانی تەوارق و مەحامدید
لەراپۆرتێكی وۆڵفرام لاخر یەكێك لە گەورە ئەندامانی پەیمانگای ئەڵمانی بۆ كاروباری نێودەوڵەتی و ئاسایشی   (SWP) بەناونیشانی  "لەتەڕابلووس كێ لەدژی كێ دەجەنگێت؟) باس لەوە كراوە، كە چەكدارانی هۆزەكانی تەواریق و مەحامید، كە زۆرینەیان رەگەزنامەی لیبیان نییە، چوونەتە پاڵ هێزەكانی حكومەتی ویفاقی نیشتمانی لە تەڕابلووس، بەجۆرێك ئەو چەكدارانە ڕێژەیەكی كەمی هێزەكانی سەر بە حكوومەتی ویفاق پێكدەهێنن.

راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە هێزەكانی حەفتەر چەندین ئەندامی پشتگوێخراوی هۆزی مەحامیدیان چەكدار كردووەو زۆرینەیان لەسەردەمی قەززافیدا لە وڵاتی چادەوە هاتوون.

بەكرێگیراوە چادییەكان 
راپۆرتەكەی لیژنەی شارەزایانی ئەنجوومەنی ئاسایش باسی لە بوونی چەندین گرووپی شەڕكەری چادی كردووە، كە لەژێر سەرپەرشتی هێزەكانی حەفتەر و هێزەكانی فایز سەرراجدا شەر دەكەن.

بەگوێرەی راپۆرتەكە ژمارەی چەكدارە چادییەكان لەململانێی لیبیا دەگاتە ١١٠٠ چەكدار، كە سەدان لەوان لە شارەكانی مەرزەق ، سەبها و قەتروون چوونەتە پاڵ هێزەكانی ویفاقی نیشتمانی بەسەرۆكایەتی فایز سەرراج.


لەناو گرووپە چادیانەی پشتیوانی هێزەكانی ویفاق دەكەن، ئەنجوومەنی سەركردایەتی سەربازی بۆ بەرەی رزگاركردنی كۆمار و یەكێتی هێزە بەرگریكارەكان.

هەروەها لە سەربازگەی جەفرە چەكدارانی "بەرەی گەڕانەوەو هاوبەندی لە چاد"ی لێیە، كە لەلایەن هێزەكانی حەفتەرەوە  ئەركی بەرگریكردن لەناوچەكەیان لە هێرشە گریمانكراوەكانی تیرۆریستانیان پێسپێردراوە .

گروپی ڤاگنەری روسی 
لە مانگی مایسی ٢٠١٩ دا رۆژنامەی "میدۆزا"ی روسی لێكۆڵینەوەی لە كوژرانی ١٠ بۆ ٣٥ روسی لە ناوچەی قەسر بن غەشیر كرد، كە بەهۆی بۆردومانی فرۆكەكانی سەر بە حكومەتی ویفاق بۆ سەر بارەگای پرۆسەكانی هێزەكانی حەفتەر كوژرابوون، بەوهۆیەوە یەكەم جار بوو بوونی بەكرێگیراوی روسی لەسەر خاكی لیبیا ئاشكرابێت.

رۆژنامە روسییەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو، كە روسیا بەشدار نییە لەو شەڕەی لە باكووری ئەفریقادا هەیە، بەڵام چەكدارە روسەكان پشتیوانییەكی گەورە لەیەكێك لە لایەنە بەشەڕەهاتوەكان دەكەن، كە ئەوانیش هێزەكانی مووشیر خەلیفە حەفتەری سەرۆكی سوپای نیشتیمانی لیبیایە، ئەویش بەرانبەر بەبەڵێندان پێدانی پرۆژەكانی بواری كەرت نەوت و رێگەوبانی خێرا و هێڵی ئاسن بە و وڵاتە.

لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیش لەگەڵ ئەنگێڵا مێركڵی راوێژكاری ئەڵمانیا پۆتین وتی: ئەگەر راست بێت چەكدارانی كۆمپانیای ئەمنی ڤاگنەری روسی لەلیبیا شەڕ بكەن، ئەوە ئەو كەسانە نوێنەرایەتی دەوڵەتی روسیا ناكەن و ئەوان پشتیوانی داراییان لێناكەن.

لەهەما كاتدا، ئاژانسی بلوومبیرگی ئەمەریكی لە دیسەمبەری ٢٠١٩ دا ئاشكرایكرد، نزیكەی ١٠٠ ئەندام لە بەكرێگیراوەكانی سەر بەكۆمپانیای ڤاگنەری روسی پشتیوانی لە هێزەكانی سوپای نیشتیمانی لیبیا دەكەن بەسەرۆكایەتی خەلیفە حەفتەر.

بەكرێگیراوە سورییەكان 
دوای ئەو ڕێكەوتنە ئەمنییەی لەنێوان توركیا و حكومەتی ویفاقی نیشتمانی لەلیبیا واژووكرا، لەچەندین گرتەی ڤیدیۆییدا ئەوە پیشاندرا، چۆن بەكرێگیراوانی سوری بۆ شەڕكردن لەپاڵ هێزەكانی تەرابلووس روو لە لیبیا دەكەن، بەڵام نووسینگەی تایبەتی راگەیاندنی فایز سەرراجی سەرۆك وەزیرانی لیبیا لەبەیاننامەیەكدا رەتیكردەوە، كە ئەو ڤیدیۆیانە راست بن و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد ئەوانە ڤیدیۆی كۆنن و پێشتر لەناوچەی ئیدلبی سوریا گیراون.

هەرچەند حكومەتی ویفاق بوونی چەكداری سوری لەپاڵ هێزەكانیان پشتراست نەكردووەتەوە، بەڵام فریدیریك وییری توێژەر لەپەیمانگای كارنیگی بۆ ئاشتی لێكۆڵینەوەیەكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا ئەوەی ئاشكراكردووە، كە چاوی بە میلیشیای چەكداری سوری كەوتووە لە تەڕابلووس لە ریزەكانی پێشەوەی شەرەكانن و پشتیوانی لە حكوومەتەكەی فایز سەرراج دەكەن . 

هەروەك روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ باسی لەوە كردووە، كە ئەنقەرە هەوڵ دەدات نزیكەی شەش هەزار بەكرێگیراوی سوری رەوانەی لیبیا بكات، كە ئەوانە سەر بە میلیشیاكانی "لیوای موعتەسەم ، فیرقەی سوڵتان موراد ، لیوای هەڵۆكانی باكوور و حەمزات ، فەیلەقی شام و سلێمان شا و لیوای سەمەرقەند ".

هەرچی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانییە لە مانگی كانونی دووەمی ئەمساڵ بەدواداچوونێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو، نزیكەی دوو هەزار بەكرێگیراوی سوری بۆ بەشداریكردن لە شەڕەكان لەڕێگای توركیاوە گەیشتوونەتە لیبیا .

هەوكات چۆن غەسان سەلامە نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ لیبیا لە مانگی كانوونی دوەمی ئەمساڵ لەبەردەم لەئەنجومەنی ئاسایش گوتی هەردوو لایەنی بەشەڕهاتووی لیبیا بەردەوام چەكدار و راوێژكاری سەربازی و چەك و كەلوپەلی سەربازیان لە لایەنە دەرەكییەكانەوە بەدەست دەگات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی