ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ماڵی محەمەد حەلبوسی

عیراق

19/02/2020‌ 1936 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هیشام هاشمی شارەزای كاروباری عێراق زانیاری لەسەر ئەو كۆبوونەوە ئاشكراكردووە، كە لەماڵی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا.

كۆبوونەوەكە شەوی سێ‌ شەممە لەبەغدا ئەنجامدراوەو تێدا نوێنەری كوتلە سیاسییەكان بەشداربوون، كە تاوتوێی پێكهێنانی حكومەت كراوە.

بەقسەی هیشام هاشمی، لەكۆبوونەوەكەدا عەمار حەكیم و نوری مالیكی و هادی عامری و ئەحمەد ئەسەدی‌و عەدنان فیحان بەشداربوون، ئەمە جگە لەبەشداری نوێنەری لایەنە كوردی‌و سوننییەكان.

هەر بەقسەی ئەو شارەزایە، لەكۆبوونەوەكە باس لەوە كراوە، كە محەمەد تۆفیق عەلاوی سوورە لەسەر راگەیاندنی كابینەكەی لەم هەفتەیە.

هەروەها ئاشكرایكردووە، كە باس لەوە كراوە دەبێت محەمەد تۆفیق عەلاوی كاندیدی لایەنەكان دیاری نەكات، بەڵكو دەبێت لایەنەكان خۆیان كاندیدەكان دیاری بكەن‌و ئەویش قبووڵی بكات.

لەسەرەتای ئەم مانگەوە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق محەمەد تۆفیق عەلاوی راسپاردووە بۆ پێكهێنانی حكومەت‌و دەبێت لەماوەی مانگێك كابینەكەی رابگەیەنێت.

هـ ـ ح