وەزارەتى تەندروستى هەرێم رێکارەکان بۆ رێگرى لەبڵاوبوونەوەى کۆرۆنا توندتر دەکاتەوە

کوردستان

19/02/2020‌ 367 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێم جەخت دەکاتەوە کە هیچ کەسێک بەبێ پشکنین نایەتە ناو هەرێمى کوردستان و بۆ ماوەیەکیش جیا دەکرێنەوە.

 وەزارەتى تەندروستی حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، هیچ کەسێک بە بێ پشکنین نایەتە ناو هەرێمی کوردستان تا پشکنینى بۆ نەکرێت و دەبێت دڵنیا بنەوە لە سەلامەتی پاشان ڕێگەی پێدەدرێت.

 هەروەها باس لەوەشکراوە، هەموو ئەو کەسانەی لەو وڵاتانەوە دێنە هەرێم کە ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا بڵاوبووەتەوە بۆ ماوەى ١٤ رۆژ جیادەکرێنەوە و پشکنینیان بۆ دەکرێت.

سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی فایرۆسى کۆرۆنا لە ئێران و گیان لەدەستدانىدوو کەس بەو هۆیەوە، وەزارەتى تەندروستى رونیکردەوە، ئەو هاوڵاتییانەی هەرێم کە چوونەتە ئێران و دەگەڕێنەوە پشکنینی تەواویان بۆ دەکرێت.

وەزارەتی تەندروستی تەئکیدیش دەکاتەوە، تائێستا لە هەرێمى کوردستان هیچ حاڵەتێکی توشبوون بە کۆرۆنای نوێ لە هەرێم تۆمارنەکراوە و بودجەی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە تەرخانکراوە.

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، دوو کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە شاری قوم گیانیان لەدەستداوە کە هەردووکیان بەتەمەن بوون و بەهۆى لاوازى بەرگری لەشیان گیانیان لەدەستداوە.
س.هـ