ئاگاداری قەڵەوی بن.. پەیوەستە بە شێرپەنجەی مەمكەوە

تەندروستی

20/02/2020‌ 304 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەمیشە لێكۆڵینەوەكان باسیان لەوە كردووە، كە قەڵەوی هۆكاری چەندین نەخۆشییە، دواترینیان دەڵێت كێشی زیادی جەستە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەكات بەتایبەتی شێرپەنجەی مەمك لای ئافرەتان .

پەیوەست بەبابەتەكە پزیشكانی كۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمەریكی دەڵێن: مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك لەگەڵ دابەزاندنی كێش كەمدەبێتەوە، بەشێوەیەك زاناكان شیكردنەوەیان بۆ داتای ١٨٠ هەزار ئافرەت كردووە، كە تەمەنیان لەنێوان ٥٠ ساڵی و بۆسەرەوە بووە و لەماوەی ١٠ ساڵدا سێ جار پێوانەی كێشیان بۆ كراوە .

ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئەوەی دەرخستووە، ئەوانەی كێشیان دابەزاندووە ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجە كەمتر بووە، بەجۆرێك ئەوانەی ٢ بۆ ٤،٥ كیلۆگرام كێشی جەستەیان دابەزاندووە بەڕێژەی ١٣% ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەیان كەمتر بووەتەوە .

لەهەمان كاتدا لەدەستدانی ٤،٥ بۆ ٩ كیلۆگرام كێشی جەستە، بەڕێژەی ١٦% مەترسی تووشبوون بەو نەخۆشییەی كەمكردووەتەوە، لەدەستدانی ٩ كیلۆگرام بۆ سەرەوە بەڕێژەی ٢٦% مەترسییەكەی كەمكردووەتەوە.

هەرچی ئەوانەی كێشیان دابەزاندووە، بەڵام دواتر كێشیان زیادیكردووەتەوە، ئەوە بەڕێژەیەكی زۆر كەم مەترسی تووشبوون بەشێرپەنجەیان لەسەر كەمبووەتەوە .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی