سێ ئامۆژگاری زێڕین بۆ پێش خەوتن

تەندروستی

20/02/2020‌ 2077 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زۆركەس گرفتی ئەوەیان هەیە شەوانە خەویان لێناكەوێت و بەدەست خەوزران و كەمخەوییەوە دەناڵێنن، بۆ ئەوەش گۆڤاری فرۆیندین لەپێناو دەستكەوتنی خەوێكی باش دووركەوتنەوە لەگرفتەكانی وەك خەوزران چەند ئامۆژگارییەكی پێشكەش كردووە.

تێگەیشتن لە گرنگی خەوتن بۆ جەستەی مرۆڤ 
وادەردەكەوێت ئەو ئامۆژگارییە زۆر گرنگ نەبێت، بەڵام لەراستیدا بەشێكی كەمی خەڵك لە راددەی گرنگی خەو بۆ تەندروستی جەستەیی و دەروونی و هۆشەكی تێگەیشتوون، مرۆڤ بێئەوەی بڕێكی پێویست بخەوێت جەستەی ناتوانێت ئەركەكانی بەشێوەیەكی درووست رایی بكات .

دڵەراوكێ و نائارامییەكانت مەبەرە سەر جێگا 
پێش چوونە سەر جێگا واباشترە هەموو ئەو شتانەی نیگەران و دردۆنگت دەكەن وازیان لێبهێنیت و بیر لەو شتانە مەكەوە، كە دەبێت بەیانی بیانكەی، هەروەك پێش خەوتن بەماوەیەكی باش دووربكەوە لەسەیركردنی تەلەفزیۆن و مۆبایلی زیرەك و لاپتۆپ و ئامێرە تەكنەلۆژییەكانی تر، گرنگە خۆ فێری تەكنیكەكانی جەستە خاوكردنەوە خوێندنەوەی كتێب بكەیت .

رۆژانە سەرخەوێك بشكێنە 
لەگەڵ ئەوەی زۆركەس پێیان وایە سەرخەوشكاندن كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر خەوتنی شەوانە، بەڵام لەراستیدا سەرخەوشكاندن بەڕێگا دروستەكەی جەستە چالاك دەكات و هیچ كاریگەری لەسەر خەوی شەوانە نییە، ڕێسای دروستی سەرخەوشكاندنیش ئەوەیە، كە لە ٣٠ خولەك زیاتر نەبێت و نابێت لەدوای كاتژمێر سێی عەسرەوە بێت .

وەرگێران : ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی