ئەمەریكا لەمساڵدا ٣٠٠ بارهەڵگر چەك و تەقەمەنی رەوانەی رۆژئاوای كوردستان كردووە

کوردستان

20/02/2020‌ 658 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ناوەندی ئاشتەوایی روسیا لە سوریا رایگەیاند، سوپای ئەمەریكا لەسەرەتای ساڵی نوێوە بە ١٣ كاروان، كە زیاتر لە ٣٠٠ بارهەڵگر چەك و تەقەمەنی و پێداویستی سەربازیان لە عێراقەوە رەوانەی رۆژئاوای كوردستان كردووە .

بەقسەی لیوا ئۆلیگ جۆراڤلۆڤ سەرۆكی ناوەندە ڕوسییەكە ئەو چەك و تەقەمەنی و كەلوپەلە سەربازییانەی ئەمەریكا رەوانەی رۆژئاوای كوردستانیان دەكات دژی بە هێزە سەربازییەكانی توركیا و خەڵكی مەدەنی ناوچەكە بەكاردەهێنرێن.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا ئەو بەرپرسە سەربازییە روسە باسی لەوە كردووە، كە فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لەناوچەكە پرۆسەی دابینكردنی چڕوپڕی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان بە چەك و تەقەمەنی بەڕێوە دەبات، بەجۆرێك تەنیا لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ وە لەڕێگای ١٣ كاروانی سەربازییەوە زیاتر لە ٣٠٠ بارهەڵگر چەك و تەقەمەنیان بەهەموو جۆرە چەك و چۆڵێك و پێداویستی سەربازی گەیاندووەتە رۆژئاوای كوردستان.

هەروەها جەختیشیكردووەتەوە، كە ئەو چەكە ئەمەریكییانە لەكاتی رووبەڕووبوونەوە و بەیەكدادانەكاندا لەلایەن گرووپە چەكدارییەكانی رۆژهەڵاتی فوڕاتەوە دژ بە یەكە سەربازییەكانی توركیا و خەڵكی مەدەنی ناوچەكە بەكاردەهێنرێن.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی