ئەردۆغان روسیا تۆمەتبار دەكات بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ كۆمپانیای (فاگنەر)

ڕاپۆرت

20/02/2020‌ 1609 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (نیزافیسیمایا غازیتا) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی تۆمەتەكانی ئەنقەرە دژی مۆسكۆ بەوەی بەرپرسە لە هەڵكشانی دۆخی لیبیا و سوریا.

بەپێی راپۆرتەكە، توركیا بڕیاری داوە دەستێوەردانەكانی چڕ بكاتەوە لە ململانێكانی لیبیا و سوریادا و وەزیری دەرەوەش مەولود چاویش ئۆغلۆ داوای راوەستانی هێرشەكانی سوپای نیشتمانی لیبیای كردووە بەسەرۆكایەتی خەلیفە حەفتەر.

هەروەها ئەردۆغان رایگەیاندووە توركیا حەفتەر بە كەسایەتیەكی سەربەخۆ دانانێت، و پێیوایە مۆسكۆ لە پشت ئەو جەنراڵە لیبیەوەیە،و بە گوێرەی كەناڵی ئێن تی ڤی ی توركی، ئەردۆغان وێنەی وەزیری بەرگری روسیا (سێگری شویغهو) و سەرۆكی ئەركانی گشتی هێزە چەكدارەكانی روسیا (سێرگی غیراسیموف) و وێنەی ئەو كەسەش، كە دەڵێن بەرێوەبەری فاگنەرە،  بۆ میدیاكاران خستووەتەروو. 

ئەردۆغان ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە فاگنەر شان بەشانی هێزەكانی حەفتەر دەجەنگن، كە له راستیدا بەشێكن لەهێزە نیزامیەكانی روسیا، كەچی هەردوو وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی روسیا ئەو هەواڵە پشت ڕاست ناكەنەوە.

لە كاتێكدا توركیا لە پێناو بەرژەوەندیەكانیدا لە لیبیا ئامادەیە هێرشی سیاسی بكات، كەچی لە سوریا مكوڕە لەسەر ئەوەی بچێتە شەڕەوە.

دیارە جیاوازیەكی زۆر هەیە لە نێوان دۆخی لیبیا و سوریا و پەرچەكردارەكانی توركیا، لە سوریا ئەردۆغان داوای جوڵانەوەیەكی خێرای مۆسكۆ دەكات و دوینێ 17 ی شوبات شاندێكی توركی گەیشتووەتە روسیا بۆ تاوتوێكردنی دۆخی ئیدلب.

لەگەڵ ئەوەشدا، گەورە وانەبێژ لە قوتابخانەی لێكۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی لە كۆلیژی ئابووری جیهانی و سیاسی لە قوتابخانەی باڵا بۆ ئابووری (ئەندریە چوبریگین) وای دەبینێت، دۆخەكە دەكرێت چارەسەر بكرێت، بەرژەوەندی روسیا و توركیا لەوەدا نییە پەیوەندییەكان بۆ ماوەیەكی درێژ شكست بهێنن، پاشان بەرپرسانی هەردوو وڵات ئەوەندە داناییان هەیە بۆ ئەوەی ململانێكان قووڵ نەبنەوە. 

پاشان ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، ئەردۆغان هەڵدەچێت و بەردەوام پەرچەكرداری بەرانبەر شتی زۆر هەیە، لەوانە هێرش كردنە سەر مۆسكۆ.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا